zagros news agency

گەرمترین شەو لە مێژووی ئەڵمانیا تۆمارکرا

شەوی ڕابردوو گەرمترین شەو بووە لەو کاتەوەی تۆمارکردنی داتاکانی کەشناسی لە ئەڵمانیا دەستی پێ کردووە. ئەم ژمارە پێوانەییە لە شاری کوبشوتس لە ڕۆژهەڵاتی ویلایەتی زاکسن بە پلەی گەرمیی ٢٩.٤ تۆمار کرا. گەرمای توند بووەتە هۆی تێکچوونی ژیانی ڕۆژانەی خەڵک.
بە گوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکانی ڕێکخراوی کەشناسیی ئەڵمانیا، شەوی شەموو لەسەر یەکشەممە، ٢٧ لەسەر ٢٨ی حوزەیران، گەرمترین شەوی تۆمارکراوی ئەو وڵاتە بووە. ئەم پلە گەرمییە لە شاری کوبشوتس لە ڕۆژهەڵاتی ویلایەتی زاکسن گەیشتە ٢٩.٤ پلەی سەدی.
ئەم گەرمایە زیانی بە ژێرخانەکان، لەوانە قیڕ و کۆنکرێتی شاڕێکان گەیاندووە. لە ئەنجامدا، بەشێک لە شاڕێکان، وەک ئەوانەی نێوان ویلایەتەکانی براندنبورگ و زاکسن−ئانهالت، بە شێوەیەکی کاتی داخران. هەروەها لە هەندێک ڕێگەدا سنوور بۆ خێرایی ئۆتۆمبێل دانراوە.
جگە لە تۆمارکردنی گەرمای شەوانە، لە زۆرێک لە ویلایەتەکانی ئەڵمانیا بەرزترین پلەکانی گەرمی شکێنران. ئەم پلە گەرمیانە لە ٤١.٤ پلەی سەدی لە واگهویزل−کیرلاخ لە ویلایەتی بادن−وورتمبرگ، ٤١.١ پلە لە شارەکانی تری‌یر و ئندرناخ لە ویلایەتی ڕاینلاند−فالتس و ٣٩.٤ پلە لە هامبورگ تۆمار کراون.

پەککەوتنی جووڵەی شەمەندەفەرەکان
کۆمپانیاکانی هێڵی ئاسن ڕایانگەیاند لە ویلایەتی نوردراین−وستفالن ئاستەنگی زۆر بۆ هاتوچۆی شەمەندەفەرەکان دروست بووە. لە سنووری شاری اسن و وێستگەی ناوەندیی دوسلدورف چەندین کێشە تۆمار کراون. هەروەها تێکچوونی سیستەمی ئاماژەکانی هێڵی ئاسن لە نێوان شارەکانی هاگن و ووپرتال، بووەتە هۆی دواکەوتن و هەڵوەشاندنەوەی گەشتی هەندێک لە شەمەندەفەرەکان.
کۆمپانیای گواستنەوەی لایپزیگ ڕایگەیاند بەهۆی زیانەکانی گەرما بە تۆڕی هێڵی ئاسن، تا سبەی دووشەممە هەموو هێڵەکانی تراموا لەو شارەدا ڕادەوەستن. لە نورنبرگیش جووڵەی هەموو ترامواکان بە تەواوی وەستاوە. کۆمپانیای هێڵی ئاسنی ئەڵمانیا “دویچەبان” داوای لە گەشتیاران کرد بەهۆی گەرمای توندەوە تا دەکرێت لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە.
لە بانگەوازێکی هاوبەشی دویچەبان و یەکێتیی فیدراڵیی گواستنەوەی ناوخۆیی (BSN) پێشنیاز کراوە گەشتە ناپێویستەکان بۆ کاتێکی دیکە دوا بخرێن. بە گوێرەی ئەم بانگەوازە، دەکرێت بلیتە بڕدراوەکان بێ بەرانبەر هەڵوەشێنرێنەوە.

داواکاری بۆ دەستپێوەگرتن بە ئاوەوە
لە لایەکی دیکەوە، یەکێتیی شار و شارەوانییەکانی ئەڵمانیا داوای لە هاووڵاتییان کرد لە بەکارهێنانی ئاودا دەستپێوەگر بن. ئاندرێ بێرگهێگەر، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئەم یەکێتییە گوتی پێویستە یانەکان ئاو بۆ یاریگەکانی تێنس یان گۆڵف بەفیڕۆ نەدەن. ئاماژەی بەوەش کرد ئەگەر هاوکاریی پێویست نەکرێت، لایەنە بەرپرسەکان ناچار دەبن قەدەغە ڕابگەیەنن.
کاتارینا درۆگە، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی سەوزەکان لە پەرلەمانی ئەڵمانیا، داوای کرد ئامێری فێنککەرەوەی زیاتر لە ناوەندە گشتییەکاندا دابنرێت. ئەو گوتی ئەڵمانیا پێویستی بە بەرنامەیەکی بەپەلەی فێنککردنەوە هەیە بۆ ئەوەی نەخۆشخانەکان، بنکە تەندروستییەکان، دایەنگە و قوتابخانەکان بە سیستەمی فێنککەرەوە تەیار بکرێن. بە گوتەی ئەم سیاسییەی پارتی سەوزەکان، دەبێت بە خێرایی پەرە بە ئامێرە فێنککەرەوەکانی کارەبای خۆر بدرێت.

ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکان
گەرمای توند بووەتە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی ئەڵمانیا. لە چەندین ویلایەت وەک زاکسن−ئانهالت، ڕاینلاند−فالتس و بایرن ئاگر کەوتووەتەوە یان مەترسییەکەی زیادی کردووە. ئێستە تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە خەریکی کۆنترۆڵکردنی ئاگرێکی دارستانن لە نزیک شاری مویزل‌ویتس لە ویلایەتی تورینگن.
ماکسیمیلیان ڕاتسکا، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی ئاگرکوژێنەوەی مویزل‌ویتس بە ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانیای گوت ڕووبەری ئاگرەکە نزیکەی شەش هێکتارە و دووکەڵەکەی گەیشتووەتە شاری لایپزیگ. پێدەچێت ئاگرەکە بەهۆی سووتانی ئەو دارانەوە بووبێت کە لە نزیک هێڵێکی گواستنەوەی کارەبای پەستانی بەرز بوون.

بارودۆخی وڵاتانی دیکەی ئەورووپا
لە وڵاتانی دیکەی ئەورووپاش بارودۆخەکە هاوشێوەیە. سویسرا، کۆماری چیک و دانیمارک ژمارەی پێوانەیی نوێی گەرمایان تۆمار کردووە. هەنگاریا ناچار بووە توانای بەرهەمهێنانی یەکێک لە وێستگە ئەتۆمییەکانی کەم بکاتەوە، چونکە ئاوی ڕووباری دانووب زۆر گەرم بووە و ناتوانێت ڕاکتۆرەکان فێنک بکاتەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە سەرۆكی نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ هاوكاریی عێراق (یونامی) دەكات

سەڵاح

عێراق، بە کۆمەڵێک قەیرانی گەورەی ئابوورییەوە پێ دەنێتە نێو ساڵی نوێوە

سەڵاح

نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ شا عەبدوڵڵای دووەم کوڕی حسێن کۆده‌بێته‌وه

سەڵاح