بەهرە محەمەد
لەماوەی ڕابردوودا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەناوخۆی کوردستاندا چەند هەوڵێکی گرنگیدا لەپێناو بەهێزکردنی هەرێمی کوردستان و دروستکردنی بەرەیەکی یەکڕیزی و نزیککردنەوەی پارتی و یەکێتی، کە ئەم هەوڵانەی بوونە مایەی دڵخۆشی و ئارامیی خەڵکی کوردستان.
بەشداریکردنی سەرۆکی هەرێم لە لووتکەی ئابووریی سلێمانی گرنگیی تایبەتی خۆی هەبوو، بەتایبەتی لە پێشکەشکردنی گوتارێکی گرنگ بە ئاراستەی بەیەکەوەکارکردن و توانەوەی بەستەڵەکی نێوان پارتی و یەکێتی؛ چونکە نێچیرڤان بارزانی وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سەرکردەیەکی میانڕەو و لێهاتوو دادەنرێت لە بنیاتنانی پەیوەندی لەگەڵ بەرانبەردا.
بەشداریکردنی لە لووتکەی سلێمانی لەم کاتە گرنگ و هەستیارەدا گرنگییەکی زۆری هەبوو لە هاندانی پارتی و یەکێتی تاکو دابنیشن و گفتوگۆ و تاوتوێی کاراکردنەوەی پەرلەمان بکەن و کاربکەن بۆ دروستکردنی کابینەی حکومەتی تازە.
هەر لە لووتکەی ئابووریی سلێمانیدا لە دیدارێکی تایبەتی کەناڵی کوردسات، ئاماژەی بە گرنگیی بەیەکەوەکارکردنی هێزە سیاسییەکان و بەهێزیی پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی کرد و هەمووانی هاندا بۆ ئەوەی کاربکەن بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن و بەهێزترکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان. لە هەمووی گرنگتریش، نێچیرڤان بارزانی وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەرپرسیاریەتی و هەستکردن بە پاراستنی پێگەی هەرێمی وەک زەرووریەتێکی گرنگ باسکرد، کە هەموو هێزە سیاسییەکانی کوردستانی خستە ژێر بەرپرسیاریەتییەوە کە دەبێت پێگەی هەرێم گرنگترین بابەتی هەمووان بێت. ئاماژەی بە ڕۆڵی یەکێتی و سەرۆکی یەکێتی کرد کە زۆر هەوڵیداوە بۆ بەهێزی و بەرگریکردن لە پێگە و دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستان، ئەمەش وەک بەرپرسیاریەتییەکی نەتەوەیی و ئەخلاقی کە دەبێت هەمووان بەم شێوازە کاربکەن تاکو کوردستان بە بەهێزی بمێنێتەوە.
هەر لە کۆڕبەندی ئابووریی سلێمانی، چاوی کەوت بە چەندین بەرپرس و میوانانی کۆڕبەندەکە کە ئەمەش بنیاتنانی پەیوەندیی بەردەوامە. بە سەردانیکردن و بەشداریکردنی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، ئاماژەکە ڕوون بوو بۆ دۆست و نەیارانی هەموو کورد کە ئەگەر ناکۆکی و کێشەی لاوەکیش هەبێت، سەرەنجام هەموومان بەیەکەوەین لە کەشتییەکدا و بۆ مانەوە و سەرکەوتنیش هەر بەیەکەوەین. پەیامی نێچیرڤان بارزانی ڕوون و ئاشکرا بوو کە ئاماژەیەک بوو بە ئاراستەی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی سیاسیی هەموو پارت و لایەنەکان، جگە لەمەش هەستکردنی بوو بە بەرپرسیاریەتی بەرانبەر نەبوونی جیاوازی لەنێوان شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان. لە گوتارەکەیدا جۆرێک لە هێمنی و کاردانەوەی ئەرێنیی خەڵک و گشت لایەنێکی بەدوای خۆیدا هێنا.
هەوڵێکی تری گرنگی نێچیرڤان بارزانی بریتی بوو لە ڕاگەیاندنی یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە، نەمانی هێزی حزبی و دەرەوەی وەزارەت کە هەنگاوێکی گرنگ و هەستیار بوو بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لەچوارچێوەیەکی یاساییدا. ئەم هەوڵەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان خەونی گشت پێشمەرگە و خەڵکی کوردستان بوو تاکو هەست بە بوونی هێزێکی نیشتمانی و نەتەوەیی بەهێز بکەن و کار بۆ ئەوە بکەن کە هێزی پێشمەرگە هێزی پاراستنی پێگەی هەرێمی کوردستان بێت.
لە ڕۆژی ٢٢ی ئەیلوول، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لەبەردەم ئەفسەران و بەرپرسانی پێشمەرگە و بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی، گوتارێکی پێشکەشکرد؛ پێشمەرگەی بە هێزی کوردستان ناساند و ئاماژەی بە خەبات و تێکۆشانی پێشمەرگە کرد. هەروەها لە گوتارەکەیدا ئەوەی ئاماژەپێکرد کە لە سەختترین کاتەکاندا پێشمەرگە پێکەوە جەنگاون، ئەمڕۆش ئێمە ئەم مێژووە پرشنگدارەی پێشمەرگە لەنێو یەک دامەزراوەی نیشتمانیدا کۆدەکەینەوە.
ئەم باسکردنەی پێشمەرگە وەک ئاماژەیەکە کە ڕۆڵەی ئەم هەرێمەن و بەیەکەوە بەرگرییان لە کوردستان کردووە بەبێ جیاوازیی دەنگ و لایەنی سیاسی. دوژمنانی کوردستانیش هیچ کات جیاوازییان نەکردووە لە دژایەتیکردنی پێشمەرگەدا.
هەر لە گوتارەکەیدا، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم ئاماژەی بە باشکردن و خۆشگوزەرانیی ژیانی پێشمەرگە کرد و چەند پەیامێکی ئاراستەی حکومەتی ناوەندیی بەغدا کرد کە دەبێت دەستوور جێبەجێبکات و جیاوازی لەنێوان هێزە چەکدارەکاندا نەبێت لە عێراقی فیدراڵدا. سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لەبەردەم هەموواندا داوای لە هێزی پێشمەرگە کرد لە داهاتوودا لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا خەبات بکەن بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی گەلی کوردستان. ئەم یەکگرتنەوەیە هێزی پێشمەرگە بەهێزتر دەکات، چونکە لای خەڵکی کوردستانیش پێشمەرگە موڵکی هەموو کوردستانە بەبێ جیاوازی.
هەموو ئەو هەوڵانەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەپێناو بەهێزترکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان و هەوڵدانە بۆ توانەوەی بەستەڵەکی نێوان پارتی و یەکێتی. دوای ئەم هەموو هەوڵ و کارکردنە جدییە، خەڵکیش ئێستا بە هیوای کاراکردنەوەی پەرلەمان و دروستکردنی حکومەتێکی نوێن بۆ خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان.

