zagros news agency

توێژینەوەیەک: لە هەندێک حاڵەتدا وەرزش دەتوانێت هێندەی ئازارشکێنەکان کاریگەر بێت

بەپێی توێژینەوەیەکی نوێی زانکۆی ئادێلاید، لە پیلاتسەوە تا تای‌چی، ئەنجامدانی تەنانەت چالاکیی جەستەییی سووکیش دەتوانێت هێندەی دەرمانە ئاساییەکانی ئازارشکێنەکان ئازار کەم بکاتەوە، ئەمەش ڕێگە خۆش دەکات بۆ گرتنەبەری ڕێکاری چارەسەریی گشتگیر.

لەم توێژینەوەیەدا پشکنین بۆ ۱۵۷ پێداچوونی سیستەماتیک لەسەر ۲۷۳٦ تاقیکردنەوەی کلینیکی و زیاتر لە ۲۲۰ هەزار بەشداربوو ئەنجامدراوە.
ئەنجامەکان دەریانخستووە کە وەرزشکردن بە تێکڕا نێزیکەی ۱٫۱ پلە لە پێوەری ۰ تا ۱۰ ئاستی ئازار کەم دەکاتەوە؛ ئەمەش ٦۰٪ زیاترە لەو ڕێژەی ئازارشکێنییەی لە تاقیکردنەوە سەربەخۆکاندا بۆ دەرمانە ئاساییەکانی ئازارشکێنی نەخۆشییە درێژخایەنەکان تۆمار کراوە.
کارۆل ماهر، توێژەری باڵا لە زانکۆی ئادێلاید ڕایگەیاند کە لەم سەردەمەدا کە بەدوای ڕێگەی ئارام و کاریگەردا دەگەڕێین بۆ بەڕێوەبردنی ئازار جگە لە دەرمان، ئەم دەستکەوتانە بەڵگەی بەهێزتر دابین دەکەن تا وەرزش بڕبڕەی پشتی چاودێریی ئازار بێت.
ئاست، ماوە و جۆری وەرزشی گونجاو:
توێژینەوەکە دەریخستووە وەرزشە سووکەکان کاریگەریی زیاتریان لەسەر کەمکردنەوەی ئازار هەبووە بەراورد بە چالاکییە مامناوەند و سەختەکان.
بەرنامە کورتخایەنەکان (نێزیکەی ۱۲ هەفتە) ئەنجامی باشتریان هەبووە لە بەرنامە درێژخایەنەکان؛ بن سینگ، توێژەری سەرەکی ئاماژەی بەوە کرد کە وەرزشی زیاتر مەرج نیست باشتر بێت، و پێویست ناکات خەڵک وەرزشی قورس یان درێژخایەن بکەن تا سوودی لێ ببێنن.
بەرنامەکانی وەرزش کە کەمتر لە ۱۲۰ خولەک لە هەفتەیەکدا بوون، کاریگەریی زیاتریان نیشان داوە.

بن سینگ ڕوونی کردەوە کاتێک وەرزش دەکەین، جەستەمان ماددەی کیمیایی وەک ئەندۆرفین و سیرۆتۆنین دەردەدات کە ئاستی هەستکردن بە ئازار دادەبەزێنن و ئاستی بەرگەگرتنی ئازار بەرز دەکەنەوە.
هەروەها وەرزشکردن یارمەتی کەمبوونەوەی هەوکردن و گۆڕینی کاردانەوەی مێشک بۆ ئازار دەدات و هاوکات باری دەروونیش باشتر دەکات.

بەپێی توێژینەوەکە، هێشتا وەرزش بە شێوەیەکی گونجاو وەک چارەسەری ئازار بەکار ناهێنرێت و بە دەگمەن بە وردییەک هاوشێوەی دەرمان دەستنیشان دەکرێت؛ زۆرجار تەنها داوا لە نەخۆش دەکرێت «چالاک بێت» بەبێ پێدانی بەرنامەیەکی دیاریکراوی زانستی.
توێژەران هۆشداری دەدەن کە نەبێت وەرزش وەک چارەسەرێکی گشتگیر یان شوێنگرەوەی تەواوەتی بۆ سڕینەوەی ئازار سەیر بکرێت، چونکە کاریگەرییەکەی بەپێی هۆکاری ئازارەکە، ئاستی ڕاهاتوویی جەستەیی و پابەندبوونی کەسەکە دەگۆڕێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

ڕاگەیەنراوێک لە وەزارەتی دارایی و ئابوری

یاسین

ئەکسیۆس : ئێران و ئەمریکا نزیکبوونەتەوە لە رێکەوتن

گوران

سه‌رپه‌رشتیاری پڕۆژه‌ی (هه‌ژماری من) ده‌نگۆیه‌ك ره‌تده‌كاته‌وه‌

یاسین