ئەمڕۆ یەکشەممە 27ی ئەیلوولی 2026، بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بە ئامادەبوونی جێگری پارێزگار، قائیمقامی ناوەندی و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی شارەوانییەکان، کشتوکاڵ، کەشناسی و سەرۆکی شارەوانی و بەرپرسانی فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان، کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە ئامادەکارییەکانی وەرزی بارانبارینی ئەمساڵ لە دیوانی پارێزگا بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا، پارێزگاری هەولێر هەڵسەنگاندنی بۆ کارەکانی ساڵانی ڕابردوو کرد و دەستخۆشی لە تیمە مەیدانییەکان کرد. هەروەها ئاماژەی بەو پڕۆژە و کارانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بە مەبەستی ڕێگری لە ڕوودانی لافاو و کەمکردنەوەی مەترسییەکانی لە سەنتەری شار و دەوروبەری ئەنجام دراون.
سەبارەت بە بەرنامە و ئامادەکارییەکانی ئەمساڵ، پارێزگاری هەولێر سەرجەم فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بە مەبەستی چارەسەرکردنی خاڵە لاوازەکان، پاكکردنەوەی مەنهۆل و ئاوەڕۆکان لە شەقام و گەڕەکەکان، و خاوێنکردنەوەی رێڕەوە سروشتییەکانی ئاوی باران پێش دەستپێکردنی وەرزی بارانبارین.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاودێری هەولێرەوە ئەپڵیکەیشن و سیستەمێکی نوێی زانستی بۆ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەی هاووڵاتییان لە ڕوودانی لافاو خستەڕوو. بەمەش هەولێر دەبێتە یەکەمین شار لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق کە خاوەنی سیستەمێکی لەو شێوەیە بێت و لە ئایندەیەکی نێزیکدا دەکەوێتە کار.
لە کۆتاییدا پارێزگاری هەولێر جەختی کردەوە کە پاراستنی گیان و ماڵی هاووڵاتییان لە پێشەنگی کارەکانیان دەبێت و هیچ کەمتەرخەمییەک لە جێبەجێکردنی ڕێنماییەکاندا قبوڵ ناکرێت. کۆبوونەوەکە بە داڕشتنی چەندین بڕیاری کرداری و دابەشکردنی ئەرکەکان بەسەر لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆتایی هات.

