تیمی پڕۆژەی “هەژماری من” ڕوونكردەنەوەیەكی فەرمی لەبارەی بڕیارەکەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بۆ سزادانی بانکی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی (IDB) بڵاوکردەوە و دڵنیایی دەداتە سەرجەم مووچەخۆران کە شایستە داراییەکانیان بە تەواوی پارێزراوە.
تیمی پڕۆژەکە ڕایگەیاندووە کە بێبەشکردنی بانکی (IDB) لە ئەنجامدانی مامەڵە داراییەکان بە دۆلاری ئەمریکی، هیچ کاریگەرییەک یان پەیوەندییەکی بە سوودمەندانی پڕۆژەی هەژماری منەوە نییە. ئاماژە بەوەش کراوە کە لە هەنگاوێکی پێشوەختەدا و لە مانگی ئەیلولی ساڵی ٢٠٢٥ەوە، ئەو بانکە لە پڕۆژەکە دوورخراوەتەوە و سەرجەم ئەو فەرمانبەرانەی هەژماریان لەو بانکەدا هەبووە، گوازراونەتەوە بۆ سەر بانکە مۆڵەتپێدراوەکانی دیکە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، ئامانجی سەرەکی لەم بڕیارە پێشوەختەیە پاراستنی شایستە داراییەکانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بووە، تاوەکو بەردەوام بن لە ئەنجامدانی مامەڵە داراییەکانیان بە دۆلار و بەکارهێنانی کارتە بانکییەکانیان لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق بەبێ هیچ ئاستەنگێک.
لە کۆتاییدا، پڕۆژەی هەژماری من جەختی کردووەتەوە کە لە ئێستادا بە هاوبەشی لەگەڵ حەوت بانکی فەرمی بەردەوامە لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان، کە سەرجەمیان بە تەواوی پابەندی ڕێسا، ڕێنمایی و یاساکانی بانکی ناوەندیی عێراق و پێوەرە نێودەوڵەتییەکانن.

