سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، عەلی زەیدی، فەرمانی کرد بە پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ دانوستان لەگەڵ ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ (IOM) و هەڵسەنگاندنی ڕێکارەکانی پەیوەستبوونی عێراق بە دەستووری ئەو ڕێکخراوەوە.
ئەمیندارێتیی گشتیی ئەنجومەنی وەزیران لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند که عەلی زەیدی فەرمانی دیوانی ژمارە 85ی ساڵی 2026ی دەرکردووە بۆ جێبەجێکردنی پێداویستییەکانی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ژمارە 267ی ساڵی 2026.
لیژنەکە بە سەرۆکایەتیی بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کاروباری کۆچ لە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران پێک دێت و نوێنەرانی وەزارەتی دەرەوە، کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و نووسینگەی سەرۆکوەزیران ئەندام تیایدا دەبن.
ئەرکی سەرەکیی لیژنەکە بریتییە لە دانوستان لەگەڵ ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ (IOM)، تاوتوێکردنی پلانی پروژە پەرەپێدانەکان کە بڕیارە لە عێراق جێبەجێ بكرێن، و لێکۆڵینەوە لە هەنگاوەکانی چوونە ناو دەستووری ڕێکخراوەکەوە.
بڕیارەکە دیاریی کردووە کە لیژنەکە دەبێت لە ماوەی تەنها 60 ڕۆژی کاری لە بەرواری دەرچوونی فەرمانەکەوە، ڕاسپاردە کۆتاییەکانی خۆی بۆ ئەمیندارێتیی گشتیی ئەنجومەنی وەزیران بەرز بکاتەوە.

