zagros news agency

پێکهاتەی شیری دایک چ زانیارییەک دەربارەی تەندروستیی دایک و گەشەی کۆرپە ئاشکرا دەکات؟

 

لێکۆڵەران بە لێکۆڵینەوە لە زیاتر لە هەزار و ٥٠٠ نموونەی شیری دایک، بۆیان دەرکەوت کە پێکهاتە گەردییەکانی، جگە لە دابینکردنی پێداویستییە خۆراکییەکانی کۆرپە، زانیاریی بەنرخیش دەربارەی باری خۆراکیی دایک، کارکردی ڕژێنە مەمکییەکان و گەشەی منداڵ دەخاتە بەردەستی زانایان.

شیری دایک تەنها کۆمەڵێک ماددەی خۆراکیی پێویست بۆ کۆرپە نییە، بەڵکو پێکهاتە ئاڵۆز و گۆڕاوەکەی ڕەنگدانەوەی پرۆسە ناوەکییەکانی جەستەی دایکە. لێکۆڵینەوەیەکی نوێ نیشان دەدات کە لێکۆڵینەوە لە گەردیلەکانی نێو شیر، ڕێگەیەکە بۆ باشتر ناسینی کارکردی ڕژێنە مەمکییەکان و پەیوەندیی نێوان باری خۆراکیی دایک و گەشەی کۆرپە؛ پەیوەندییەک کە سەرەڕای دەیان ساڵ لێکۆڵینەوە دەربارەی سوودەکانی شیری دایک، هێشتا زۆر لایەنی نەناسراوە.

بە گوێرەی نێوەندی پزیشکیی لانگۆنی زانکۆی نیویۆرک، لێکۆڵەرانی فاکەڵتیی پزیشکیی گرۆسمان لەم زانکۆیە، بە لێکۆڵینەوە لە نموونەکانی شیری دایکان لە سێ وڵاتی کەنەدا، پاکستان و بورکینافاسۆ، شێوازی گەردیی هاوبەشیان دەستنیشان کردووە کە هەم پەیوەندییان بە باری خۆراکیی دایکەوە هەیە و هەم بە گەشەی کۆرپەوە. ئەنجامی ئەم توێژینەوەیە کە لە ٨ی تشرینی یەکەم لە گۆڤاری زانستیی “ساینس” بڵاو کرایەوە، نیشان دەدات پێکهاتەکانی شیر جگە لە ئاشکراکردنی باری خۆراکیی، زانیاریی دەربارەی چالاکیی خانە بەرهەمهێنەرەکانی شیر، نوێکردنەوەی شانەی مەمک و کارکردی کۆئەندامی بەرگری لەم ڕژێنانەدا پێشکەش دەکات.

لێکۆڵینەوەکە سەرنجی لەسەر سێ بەشی سەرەکیی کارکردی ڕژێنە مەمکییەکان بوو: بەرهەمهێنان و دەردانی شیر، پاراستنی بەربەستی پارێزەر لەنێوان خوێن و شیر لەگەڵ نوێکردنەوەی شانە، و چالاکییە بەرگری و چاککەرەوەکان. حەوت نیشانگەری زیندەیی دەستنیشان کران کە زانیاریی دەربارەی باری خۆراکیی دایک، گەشەی کۆرپە و کارکردی ڕژێنە مەمکییەکان دەدەن. چوار لەوانە “ئاسیلکارنیتینەکانی زنجیرە کورت” بوون (C2, C3, C4, C5)، سێ نیشانگەری دیکەش لایسین، “٦’-سیالیلاکتۆز” و سێلێنیۆم بوون. بەتایبەت، زیادبوونی C5 پەیوەندیی بە کەمبوونەوەی نیشانە گەردییەکانی بەرهەمهێنانی شیر و لە بەرانبەردا، زیادبوونی شێوازە زیندەییەکانی پەیوەست بە نوێکردنەوەی شانە و چالاکیی بەرگرییەوە هەبوو. لێکۆڵەران گریمانە دەکەن کە کەمیی ڤیتامین B5 لەوانەیە ڕۆڵی هەبێت.

لێکۆڵینەوەیەکی دیکە نیشانی دا کە خواردنی تەواوکەری خۆراکی لەلایەن دایکانەوە لە کاتی شیرداندا، بڕی چەند جۆرێک لە ڤیتامینەکانی گرووپی B لە شیردا زیاد دەکات، بەڵام زۆرێک لە پێکهاتەکانی دیکەی شیر بە ڕێژەیی جێگیر دەمێننەوە. ئەمەش نیشان دەدات کە پێکهاتەکانی شیری دایک تەنها لەژێر کاریگەریی ئەو خواردنانەدا نین کە دایک دەیانخوات.

ئامانجی کۆتایی لێکۆڵەران ئەوەیە شیری دایک نەک تەنها وەک ماددەیەکی خۆراکی، بەڵکو لە پەیوەندیی لەگەڵ میکانیزمە زیندەییەکانی بەرهەمهێنەریدا بیناسن. ئەم ناسینە یارمەتیی دەستنیشانکردنی ئەو ڕێگایانە دەدات کە باری خۆراکیی و سووتەمەنیی جەستەی دایک بە کارکردی ڕژێنە مەمکییەکان و گەشەی کۆرپەوە دەبەستنەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

لەمساڵدا ١٨٥ حاڵەتی تای خوێنبەربوون لە عێراق تۆمارکراون

یاسین

پێشخستنی لەدایکبوون قەدەغە کرا

سەڵاح

هۆکارەکانی ئازاری گوێ

lana