بەپێی ڕاپۆرتێکی تۆڕی “سکای سپۆرت ئەڵمانیا”، لایەنە دەسەڵاتدارەکانی نێو تۆپی پێی ئەورووپا و یوفا بە هاوکاریی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەڵمانیا، بە نهێنی و خێرایی کار بۆ ئەوە دەکەن کە داڤید بێکهام ببنە رکابەری جیانی ئینفانتینۆی سەرۆکی ئێستای فیفا لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا.
ئەم جووڵەیەش دوای ئەوە هات کە شەپۆلێکی تووڕەیی و بێئومێدی باڵی بەسەر فیدراسیۆنە ئەورووپییەکاندا کێشا، بەتایبەت لە دوای ئەو هەوڵانەی ئینفانتینۆ بۆ فرۆشتنەوەی بەشێک لە مافەکانی مۆندیال کە کاردانەوەیەکی توندی لێکەوتەوە و ناچاری کرد لە بیرۆکەکە پاشگەز ببێتەوە.
ئەورووپییەکان بێکهام بە بژاردەیەکی گونجاو و سەرنجڕاکێش دەزانن، چونکە جگە لەوەی خاوەنی پێگەیەکی جیهانی و جەماوەرییەکی فراوانە، توانایەکی گەورەی لە بواری وەبەرهێناندا هەیە کە نموونەی سەرکەوتووی لە یانەی ئینتەر مەیامی ئەمریکیدا بینراوە.
لە لایەکی ترەوە، بێکهام پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ فیدراسیۆنی کۆنکاکاف لە ئەمریکای باکوور، ناوەڕاست و باشوور هەیە، و ئەورووپییەکان پێیانوایە ئەم پەیوەندییە فراوانە دەتوانێت دەنگی پێویست کۆبکاتەوە و کۆتایی بە باڵادەستیی ئینفانتینۆ بهێنێت.
سەڕەڕای پەسەندبوونی ئەم پێشنیازە لەلایەن زۆرێک لە بەرپرسانەوە، بەڵام ڕێگاکە ئاسان نییە، چونکە بێکهام تاوەکو ئێستا پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ ئینفانتینۆ هەبووە و هیچ ئارەزوویەکی بۆچوونە نێو ئەم ململانێ وەرزشی و سیاسییەش دەربڕیوە..
کاتیش لە بەرژەوەندی ئەورووپییەکاندا نییە، بە جۆرێک کە دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ سەرۆکایەتی فیفا لە ١٨ی مانگی داهاتوودا دادەخرێت، و پاشان پرۆسەی هەڵبژاردنەکەش خۆی لە ١٨ی مانگی ئازاری ساڵی داهاتوو لە کۆنگرەی گشتی فیفا لە شاری ڕیباتی پایتەختی مەغریب بەڕێوەدەچێت.

