zagros news agency

نەینەوا رووفاتی 47 قوربانیی سەردەمی داعش رادەستی کەسوکاریان دەکات

 

ئەمڕۆ دووشەممە، 19-10-2026، سەرچاوەیەکی خۆجێی لە پارێزگای نەینەوا رایگەیاند، پارێزگاکە خۆی بۆ رێکخستنی رێوڕەسمێکی ناوەندیی ماتەمینی لە سێشەممەدا ئامادە دەکات. مەبەست لەم رێوڕەسمە رادەستکردنەوەی رووفاتی 47 هاووڵاتیی ناوچەکانی باشووری مووسڵە، کە لە سەردەمی دەسەڵاتی داعش لەو شارەدا گیانیان لەدەستداوە.

 

سەرچاوەکە گوتیشی، پارێزگای نەینەوا بە فەرمی رووفاتەکان رادەستی کەسوکاریان دەکاتەوە. رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی فەرمی و جەماوەری لە مووسڵ-ەوە بەرەو ناحیەی قەیارە لە باشوور دەست پێدەکات، وەک رێزگرتنێک لە قوربانییەکان.

 

سەرچاوەکە روونیکردەوە، رووفاتەکان پێشتر لەلایەن تیمەکانی دەزگای شەهیدانەوە لە گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە ناوچەکانی باشووری مووسڵ دۆزراونەتەوە. پرۆسەی رادەستکردنەوەکە دوای دەرچوون و هاوتاکردنەوەی ئەنجامی پشکنینی دی ئێن ئەی دێت، کە ناسنامەی قوربانییەکانی سەلماندووە.

 

قوربانییەکان پێکهاتوون لە کارمەندانی سەربازی و هاووڵاتیی مەدەنی، کە لەلایەن رێکخراوە تیرۆریستییەکەوە لەسێدارە درابوون.

هەواڵی پەیوەندیدار

بەحرەین ٩ کەسی بە تۆمەتی پەیوەندی بە سوپای پاسدارانەوە بە زیندانی هەتاهەتایی سزا دا

یاسین

کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی سەبارەت بەغەززە لە ئوردن بەڕێوەدەچێت

سەڵاح

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە پارێزگاری بەسڕا دەکات

سەڵاح