بە خێرایی و لە ماوەی کەمتر لە ٢٤ کاتژمێردا، تۆمەتبارێک بە تۆمەتی فێڵکردن لە هاوڵاتیان لە ڕێگەی کارتی بانکی لە شاری سۆران دەستگیر کرا.
لە ڕێکەوتی ١٩/١٠/٢٠٢٦، هاوڵاتییەک سکاڵایەکی لە بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی سۆران تۆمار کرد، کە تێیدا ڕایگەیاندبوو لە کاتی سەردانیکردنی یەکێک لە ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارەی بانکی (ATM) لە شاری سۆران، بە مەبەستی وەرگرتنی موچەی پێشمەرگایەتی، کەسێک بە بیانووی شارەزایی لە ڕاکێشانی پارە، کارتی بانکییەکەی وەرگرتووە و بە بیانووی نەبوونی پارە لە ئامێرەکە، کارتەکە و ژمارەی نهێنییەکەی گەڕاندووەتەوە، بەڵام لە ڕاستیدا کارتی بانکییەکی تری پێداوە کە پێشتر بە هەمان شێوە لە هاوڵاتییەکی تری شاری سۆران وەری گرتبووە، دواتریش موچەی سکاڵاکارەکەی بەو کارتە ڕاکێشاوە و بردوویەتی.
دوای تۆمارکردنی سکاڵاکە و کردنەوەی پەڕاوێکی لێکۆڵینەوە، بە ڕەزامەندی دادوەری لێکۆڵینەوە، مەفرەزەکانی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی سۆران بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیارییەکانیان دەست پێ کردووە و توانیویانە لە ماوەی کەمتر لە ٢٤ کاتژمێردا ناسنامەی تۆمەتبارەکە بە ناوی (ا.ا.ح) دەستنیشان بکەن. دواتر، بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە، دەستگیر کراوە.
بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، تۆمەتبار دان بە ئەنجامدانی تاوانەکەدا ناوە و ئاشکرای کردووە کە مەبەستی ئەوە بووە بە هەمان شێوە موچەی چەند هاوڵاتییەکی تریش ڕابکێشێت. هەروەها، لە کاتی دەستگیرکردنیدا چەند کارتێکی بانکیی هاوڵاتیانی تریش لەگەڵیدا دەستی بەسەردا گیراوە.
تۆمەتبار لە ئێستادا بە پێی مادەی (٤٥٦)ی یاسای سزادان ڕاگیراوە و ڕێکارە یاساییەکان بەرامبەری بەردەوامن.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سۆران داوا لە هاوڵاتیان دەکات لە کاتی بەکارهێنانی ئامێرەکانی (ATM)، وریایی تەواو بەکاربهێنن و کارتی بانکی و ژمارەی نهێنییەکانیان بە هیچ کەسێک نەسپێرن. هەروەها، داوا لەو هاوڵاتییانە دەکات کە تووشی حاڵەتێکی لەم شێوەیە بوون، سەردانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی سۆران بکەن و سکاڵای یاسایی تۆمار بکەن.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سۆران
خزمەتکردنی هاوڵاتیان و پاراستنی سەلامەتی و ئاسایشی کۆمەڵگا ئەرکی ئێمەیە

