ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ ڕایگەیاند، دەسەڵاتدارانی تاڵیبان لە ئەفغانستان شەش کارمەندی ڕێکخراوێکی ناوخۆییان کە لە بواری مافەکانی ژنان و منداڵان کار دەکەن، “بە زۆرەملێ بێسەروشوێن” کردووە. هاوکات نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەستگیرکردنی دوو کارمەندی خۆی لەو وڵاتە پشتڕاست کردەوە.
ئەم دەستگیرکردنانە لە کاتێکدا دێن کە بزووتنەوەی تاڵیبان خۆی ئامادە دەکات بۆ یادی پێنجەمین ساڵیادی گەڕانەوەیان بۆ سەر دەسەڵات لە ڕۆژی شەممەدا.
بەگوێرەی بەیاننامەیەکی هیومان ڕایتس وۆچ کە درەنگانی ڕۆژی چوارشەممە بڵاوکرایەوە، ئەو شەش پیاوە کارمەندی “دامەزراوەی توێژینەوەی یاسایی ژنان و منداڵان” بوون. ئەوان لە ١٨ی تەمموزدا، دوای ئەوەی پێیان گوترابوو بۆ وەرگرتنەوەی لاپتۆپ و مۆبایلە دەستبەسەرکراوەکانیان سەردانی ئۆفیسەکەیان بکەن، دەستگیرکراون. تا ئێستا خێزانەکانیان هیچ زانیارییەکیان لەبارەی شوێنی دەستبەسەرکردن، بارودۆخی تەندروستی یان ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەیان کراوە، نییە.
هیومان ڕایتس وۆچ داوای لە تاڵیبان کردووە ڕێگە بە پارێزەران و خێزانەکانیان بدرێت چاویان پێیان بکەوێت و داواشی کردووە “دەستبەجێ ئازاد بکرێن، مەگەر بە تاوانێکی ڕوون تۆمەتبار کرابن.”
لە لایەکی دیکەوە، نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە ڕۆژی یەکشەممە دوو کارمەندی ئەفغانی نێردە سیاسییەکەیان لە شاری “هیرات” لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هەواڵگری تاڵیبانەوە دەستبەسەرکراون. فەرهان حەق، جێگری وتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، تا ئێستا ئاگاداری تۆمەتەکان نین و ڕێگەشیان پێنەدراوە سەردانی کارمەندەکانیان بکەن.
فەرهان حەق ئاماژەی بەوەش کرد، نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە تاڵیبان کردووە پابەند بێت بە پارێزبەندی و مافە دیپلۆماسییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و
کارمەندەکانی.

