بانکی ناوەندیی عێراق، بڕیاری دا بە قەدەغەکردنی مامەڵەکردن بە دۆلاری ئەمریکی بە «هەموو شێوەیەک» لەسەر بانکی «گەشەپێدانی نێودەوڵەتی» (International Development Bank).
بەپێی بەڵگەنامەیەکی فەرمیی دەرچوو لە فەرمانگەی «چاودێریی بانکەکان» سەر بە بانکی ناوەندیی عێراق ئەم بڕیارە درا بۆ جێبەجێکردنی ڕێکارە پێویستەکان دوای سەپاندنی سزاکان.
پێنجشەممەی ڕابردوو، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا پاکێجێکی نوێی سزای دژ بە تۆڕەکانی ئێران بۆ تێپەڕاندنی سزاکان ڕاگەیاند، کە تێیدا ١٦ کەس و ١٠ قەوارە، لەوانەش بانکێکی عێراقی، کەوتنه بەر سزاکان.
لە بەیاننامەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکادا هاتووە که بانکی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی بۆ وەبەرهێنانیش (IDB) تۆمەتبار کراوە بە ئاسانکاریکردن بۆ مامەڵە داراییەکانی ئێران و دابینکردنی ڕێگە بۆ دەستکەوتنی دۆلاری ئەمریکی، هاوکات لەگەڵ مانەوەی پەیوەندی لەگەڵ لایەنە حکومییەکانی ئێران و گرووپە چەکدارەکانی هاوپەیمانی تاران لە ناو عێراقدا.
هەینیی ڕابردوو، بەڕێوەبەرایەتیی بانکی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی سەرکۆنەی ئەو «تۆمەتانەی گەنجینەی ئەمریکا»ی کرد و ڕەتی کردەوە، هاوکات جەختیشی کردەوە که بەرزترین ئاستی جددیەت، بەرپرسیارێتی و شەفافییەت لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم پێشهاتانەدا پەیڕەو دەکەن.

