zagros news agency

د. شهرام عەلی کەژۆ بۆ زاگرۆس: ساڵانێکە گەندەڵییەکانی بەغدا لەسەر حیسابی مووچەخۆرانی هەرێم پەردەپۆش دەکرێن

 

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند: لە سەرەتای ئەم مانگی دەیەدا، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە کەمکردنەوەی بەهای دیناری عێراقی، کە بووە هۆی ئەوەی نرخی فەرمی دۆلار لە ١٣٢٠ دینارەوە بۆ ١٥٢٠ دینار بەرز ببێتەوە، شۆکێکی گەورەی لە ئابووریی عێراقدا دا. عەلی زەیدی لە بەردەم کوتلە سیاسییەکان لە پەرلەمان ڕایگەیاند کە حکومەتەکەی لە جیاتی پاشەکەوتی ناچاری، دابەشکردنی مووچە هەر ٤٥ ڕۆژ جارێک، یان پەنابردنەبەر قەرزی زیاتری دەرەکی، کەمکردنەوەی بەهای دیناری هەڵبژاردووە. بابەتی ئێمە دروستی یان نادروستیی ئەم بڕیارە نییە، بەڵکو ئەمە یەکەم جارە بەرپرسی یەکەمی عێراق بە ئاشکرا دان بە کورتهێنانی نەختینەدا بنێت.
سەبارەت بەم دۆخە، دکتۆر شهرام عەلی کەژۆ بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس دوا و ڕایگەیاند: «بەڵێ، ساڵانێکە عێراق بەدەست کورتهێنانی نەختینەوە دەناڵێنێت و ساڵانێکیشە هاووڵاتییانی هەرێم باجەکەی دەدەن. ساڵانێکە بڕین و نەدان و دواخستنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانیان بەجۆرێک پیشانی خەڵکی کوردستان دەدا کە حکومەتی هەرێم خەتابارە و لە پشت ئەم پیلانە ناشرینەیانەوە، کێشە و ڕاستییەکی گەورەیان دەشاردەوە کە لە ئەنجامی دزی، گەندەڵی و خراپیی بەڕێوەبردنی وڵات دروست ببوو و بەردەوامیش گەورەتر دەبوو. ساڵانێکە بە دامەزراندنی سەدان هەزار کەس، پێدانی ملیاران دینار بە شێوەی دەرماڵە، هاوکاری و هاندانی خەیاڵی بە کەسانی ناشایستە و لەسەر حسابی ئەو لێبڕینانەی مووچە و شایستەکانی هاووڵاتیانی کوردستان، خەریکی ڕازیکردنی یەکتر و جەماوەرەکانیان بوون.»
ناوبراو ئەوەشی خستە ڕوو: «لە کاتێکدا لە هەموو ئەم ساڵانەدا حکومەتی هەرێم پابەندی دەستووری فیدراڵی و هەموو ئەو ڕێککەوتنانە بووە کە هەموو جارێک بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان ئەنجامی دابوو، هێز و کەسایەتییە بەناو ئۆپۆزسیۆنە کوردییەکان، سواری شەپۆلی سیاسەتی فێڵبازانەی بەغدا ببوون و بەردەوام ڕەخنەیان لە حکومەتی هەرێم دەگرت و پشتگیریی هەڵوێستەکانی عێراقیان دەکرد. ئەو هەڵوێستە، نەزانی و بێعەقڵیی سیاسیی ئەوانی دەرخست، چونکە لە بری بەرگریکردن لە مووچە و شایستەکانی هاووڵاتیان، ببوونە پشتگیرێک بۆ ئەو سیاسەتەی بارگرانیی قەیرانەکەی دەخستە سەر شانی خەڵکی کوردستان.»
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، دکتۆر شهرام عەلی کەژۆ جەختی لەوە کردەوە: «ئەمڕۆ کە بە ئاشکرا و بەڕوونی دەوترێت عێراق لە قەیراندایە، دەبێت قەیرانەکە هی هەموو عێراق بێت و بارگرانییەکەیشی بە یەکسانی دابەش بکرێت. دابینکردنی مووچەی هاووڵاتیانی هەرێم و شایستە داراییەکانی تر و جێگیرکردنی پشکی ١٤.١٤٪ی کوردستانیش لە بودجەی فیدراڵیدا مافی ڕەوای هەرێمی کوردستانە.»

هەواڵی پەیوەندیدار

بەفەرمی ڕاهێنەری نوێی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا دیاریکرا

یاسین

مۆبایلی نوشتاوی نوێی شیاومی دەبێتە ڕکابەری سەرسەختی ئەپڵ و سامسۆنگ

یاسین

یەكه‌م وه‌جبه‌ی زه‌وی لە دارەتوو دابه‌ش ده‌كرێت

یاسین