جیهان بەشێوەیەکی بەرچاو رووبەڕووی بەرزبوونەوەی رێژەی تووشبوون بە نەخۆشیی شەکرەی جۆری دووەم بووەتەوە، کە زۆرجار پەیوەستە بە قەڵەوی، کەمیی چالاکیی جەستەیی و زیادبوونی بەکارهێنانی کالۆری. ئەنسۆلین یارمەتیدەرە بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاستی شەکر لە خوێندا، بەڵام چارەسەری هەموو ئەو کێشانە ناکات کە پەیوەستن بە زیادبوونی کێش و کەڵەکەبوونی چەورییەوە.
تیمێکی توێژینەوە بە سەرۆکایەتیی مارتن فوسنیغر لە پەیمانگەی فیدراڵیی تەکنەلۆژیای سویسرا لە زیورخ، لە هەوڵێکدا بۆ دۆزینەوەی رێگەیەکی نوێی چارەسەر، ئامێرێکی چێنراویان داهێناوە کە کارەبا بەکاردەهێنێت بۆ گۆڕینی شەکری زیادەی خوێن بۆ ماددەیەک کە جەستە لە رێگەی میزەوە فڕێی دەدات. ئەنجامی ئەم توێژینەوەیە لە گۆڤاری زانستیی Science بڵاوکراوەتەوە.
داهێنانەکە پشت بە هاندەرێکی کارەبایی دەبەستێت کە شەکر دەگۆڕێت بۆ ماددەیەک بە ناوی گلوکۆنات، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ رزگاربوون لە بەشێک لە شەکری زیادە لەبری ئەوەی لە جەستەدا هەڵبگیرێت. ئامێرەکە لە هاندەرێکی نانۆیی پێکهاتووە کە لە گرافیت، زێڕ و پلاتین دروستکراوە و پێویستی بە خانە، ئەنزیم یان پێکهاتەی بایۆلۆژی نییە. ئامێرەکە یەکەیەکی کۆنترۆڵی ئەلیکترۆنیی هەیە بۆ بەڕێوەبردنی کارکردن و کوژاندنەوەی، لەگەڵ سیستەمێکی وزەی بێ وایەر کە رێگە دەدات ئامێرەکە بەبێ سەرچاوەی کارەبای وایەر کار بکات.
ئامێرەکە بە هەستەوەرێکەوە بەستراوە بۆ چاودێریکردنی ئاستی شەکر، کە لەو جۆرەیە نەخۆشانی شەکرە بەزۆری لە بەشی سەرەوەی قۆڵیان دەیبەستن. کاتێک ئاستی شەکر دوای نانخواردن بەرز دەبێتەوە، هەستەوەرەکە ئاماژەیەک لە رێگەی بلوتوسەوە بۆ مۆبایل یان کاتژمێرێکی زیرەک دەنێرێت تا هاندەرەکە چالاک بێت و دەست بە گۆڕینی شەکر بکات. ئامێرەکە بەخۆکاری لەگەڵ گەڕانەوەی ئاستی شەکر بۆ مەودای دیاریکراو دەوەستێت، بە ئامانجی کەمکردنەوەی مەترسیی دابەزینی شەکر بۆ ئاستێکی مەترسیدار.
توێژەران ئامێرەکەیان لە تاقیگە و دواتر لەسەر مشکی تووشبوو بە شەکرە تاقیکردەوە و ئەنجامەکان دەریانخست هاندەرەکە توانیویەتی شەکر لە پێنج لیتر گیراوەی تاقیگەییدا بگۆڕێت، کە قەبارەیەکە نزیکە لە قەبارەی خوێن لە جەستەی مرۆڤدا. ئامێرەکە یارمەتیی رێکخستنی ئاستی شەکری خوێنی مشکەکانی داوە و کێشی ئاژەڵەکانیش لە کاتی تاقیکردنەوەکەدا دابەزیوە. ئامێرەکە بۆ ماوەی شەش هەفتە بە متمانەوە کاری کردووە و ئاژەڵەکان بەباشی قبووڵیان کردووە، تاقیکردنەوەکان هیچ نیشانەیەکی تێکچوونی شانەکانیان بەهۆی کاریگەرییە کارەبایی یان گەرمییەکانەوە پیشان نەداوە.
فوسنیغر جەختیکردەوە، ئامێرەکە بە ڤۆڵتییەکی کارەبایی زۆر نزم کار دەکات. فوسنیغر روونیکردەوە، تیمەکە تا ئێستا تاقیکردنەوەیان لەسەر مرۆڤ نەکردووە. توێژەران پێیانوایە ئەم تەکنەلۆژیایە رێگە بۆ رێگەیەکی نوێی چارەسەری شەکرە خۆش دەکات، کە پشت بە کۆنترۆڵی ئەلیکترۆنیی راستەوخۆی شەکر دەبەستێت لەبری ئەوەی تەنیا پشت بە دەرمان ببەسترێت. ئامێرەکە پێویستی بە خانە و ئەنزیم نییە و زۆرێک لە پێکهاتە ئەلیکترۆنییەکان و سیستەمەکانی گواستنەوەی وزەی بێ وایەر لە بەرهەمەکانی دیکەی تەکنەلۆژیادا بەکاردێن.

