دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کۆتایی بە ئەتۆمییەکانی ئێران هێناوە و تواناکانی ئەو وڵاتەی بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم تێکشکاندووە. جەختیشی لەوە کردەوە کە واشنتۆن هەرگیز ڕێگە نادات تاران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، هاوکات پێشبینی کرد لەگەڵ کۆتاییهاتنی شەڕدا نرخی نەوت بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزێت.
ترەمپ لە لێدوانێکی نوێدا لە میانی کۆبوونەوەیەکی جەماوەریی هەڵبژاردندا بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند، وڵاتەکەی لە “کاتێکی گونجاودا” کۆتایی بە تەماحە ئەتۆمییەکانی ئێران هێناوە، و پێی وابوو کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا لە بەدیهێنانی ئامانجەکانیاندا سەرکەوتوو بوون.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ڕێگەی ئۆپەراسیۆنی “چەکوشی نیوەشەو”ەوە کە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانی کردە ئامانج، تواناکانی ئێرانی بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم تێکشکاندووە. ناوبراو هەڵوێستی ئیدارەکەی بۆ ڕێگریکردن لە گۆڕانی تاران بۆ هێزێکی چەکداری ئەتۆمی دووپاتکردەوە و وتی: “ڕێگە نادەین ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی”.
لە ڕووی ئابوورییەوە، ترەمپ ڕایگەیاند کە ئەمریکا “لە ڕووی دارایی و ئابوورییەوە ئێرانی تێکشکاندووە”، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو گوشارانەی واشنتۆن دەیخاتە سەر تاران. هەروەها پێشبینی کرد کە بەبێ دیاریکردنی ئاستی نرخەکان یان کاتی کۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، بەهۆی کۆتاییهاتنی شەڕەوە نرخی نەوت دابەزینێکی گەورە بەخۆییەوە ببینێت.
ئەم لێدوانانە لەکاتێکدا دێن کە بەردەوامی کۆتوبەندەکان لەسەر جووڵەی بازرگانی و کەشتیوانی لە ناوچەکەدا، بەتایبەتی لە گەرووی هورمز کە ڕێڕەوێکی سەرەکی هەناردەکردنی وزەی جیهانییە، بەردەوامە.
لەم چوارچێوەیەدا، ڕۆژنامەی “وۆڵ ستریت جۆرناڵ” بڵاویکردەوە، بەهۆی گوشارەکانی ئەمریکاوە ڕێڕەوە بازرگانییە وشکانییەکانی ئێران پەککەوتوون، و ئاماژەی بەوە کردووە کە پاکستان ڕێگری لە تێپەڕبوونی ئەو بارهەڵگرانە کردووە کە لە ئێرانەوە لە ڕێگەی دوو دەروازەی سنوورییەوە دەهاتن.
ڕۆژنامەکە لە زاری بەرپرسێکی ئێرانییەوە گواستوویەتییەوە، نزیکەی ١٧ هەزار بارهەڵگر لەسەر سنوورەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ تورکیا، ئەفغانستان و ئازەربایجان گیریان خواردووە، هاوکات لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە نرخی ماددە خۆراکییەکان لە ئێراندا بە ڕێژەی ١٢٨٪ بەرزبووەتەوە.

