پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 10/26، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە شاری دهۆک، لەگەڵ ژمارەیەک لە خاوەنکاران و بەڵێندەران و وەبەرهێنەران کۆبووەوە.
سەرۆکی حکومەت بە پێزانینەوە، باسی لە ڕۆڵی گرنگی کەرتی تایبەتی لە هەرێمی کوردستان کرد لە هاوکاریکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گەشەپێدان هەمەلایەنی ئابووری و بنیاتنانی ژێرخانێکی بەهێزی ئابووری.
سەرۆکی حکومەت سوپاسی کەرتی تایبەتی کرد کە هاوشانی حکومەت، ڕۆڵێکی کارای هەبووە لە پێشخستنی زیاتری بزاڤی بازرگانی و ڕەخساندنی دەرفەتی کار بۆ گەنجانی کوردستان. دووپاتیشی کردەوە کە حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیكردن و پێشکەشکردنی ئاسانكاری بۆ كەرتی تایبەت، بۆ ئەوەی پەرە بە هەموو سێکتەرەکان بدرێت و خزمەتگوزارییەکی باشتر پێشکەشی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بکرێت.

