توێژینەوەیەکی زانستیی نوێ کە لەلایەن توێژەرانی زانکۆی کینگز کۆلێج لە لەندەن ئەنجامدراوە، ئاشکرای دەکات کە پەیوەندییەک لە نێوان زۆر بەکارهێنانی کافایین لەلایەن منداڵان، کەمخەوی و گۆڕانکاریی ورد لە پێکهاتەی مێشکدا بوونی هەیە، بە جۆرێک کە خواردنەوە گازییەکان وەک گەورەترین سەرچاوەی کافایین بۆ منداڵان دەستنیشان کراون.
توێژینەوەکە پشت بە داتای 9,632 منداڵی ئەمریکی لە تەمەنی 9 بۆ 11 ساڵ بەستووە. ئەنجامەکان دەرخەری ئەوەن کە ئەو منداڵانەی کافایینیان زیاتر بەکارهێناوە، کەمتر خەوتوون، هەروەها جیاوازی لە رووبەری توێکڵی مێشکدا لەو منداڵانەشدا دەرکەوتووە کە لە هەفتەیەکدا تەنیا یەک خواردنەوەی کافایینداریان خواردووەتەوە بەراورد بە ئەوانەی نەیانخواردووە.
لە بەرامبەردا، توێژەران جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەم ئەنجامانە سەلمێنەری زیانگەیاندن یان هۆکاری ڕاستەوخۆ نین، چونکە توێژینەوەکە تەنیا چاودێرییە نەک تاقیکردنەوە، هەروەھا جیاکردنەوەی کاریگەریی کافایین لە شەکر و خووە خۆراکییەکانی دیکە کارێکی سەختە.
پسپۆڕان ئامۆژگاری دایک و باوکان دەکەن کە چاودێریی سەرچاوەکانی کافایین و کاتی خەوتنی منداڵەکانیان بکەن، بەبێ ئەوەی هەر ژمارەیەک یان ئەنجامێکی پشکنین وەک نیشانەی کێشەیەکی مەترسیداری تەندروستی سەیر بکرێت.

