حکوومەتی ئوردن ڕایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی وڵاتەکەی زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانییان کردووەتە سەر پێگەکانی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) لە باشووری سووریا. ئەم ئۆپەراسیۆنە وەک تۆڵەسەندنەوەیەک بوو لە هێرشە خوێناوییەکەی سەر کڵێسایەک لە پارێزگای “کەرەک” لە باشووری ئوردن، هاوکات دیمەشق ناڕەزایەتیی توندی دەربڕی دوای ئەوەی هێرشەکان قوربانیی مەدەنییان لێکەوتەوە.
بە گوێرەی دەسەڵاتدارانی ئوردن، لە هێرشەکەی سەر کڵێسای کەرەکدا ٩ کەس کوژران و ٢٥ی دیکەش بریندار بوون؛ ئاماژە بەوەش کراوە کە هەر سێ هێرشبەرەکە خەڵکی ئوردن بوون و پەیوەندییان بەو گرووپە چەکدارانەوە هەبووە کە لە باشووری سووریا کراونەتە ئامانج.
محەممەد مۆمەنی، وەزیری پەیوەندییە حکوومییەکان و وتەبێژی حکوومەتی ئوردن لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: «ئەنجامە سەرەتایییەکانی ئۆپەراسیۆنەکە ئاماژە بەوە دەکەن زیاتر لە ٢٠ چەکداری داعش کوژراون و کۆگایەکی گەورەی چەک و تەقەمەنیی ئەو ڕێکخراوەش خاپوور کراوە».
مۆمەنی نیگەرانی و دڵگرانیی قووڵی خۆی بۆ کەوتنەوەی قوربانی لە نێو هاووڵاتییانی مەدەنیدا نیشان دا و جەختی کردەوە: «ئوردن بە ئەنقەست خۆی لە بۆردومانکردنی هەر شوێنێک پاراستووە کە زانیاری هەبووبێت هاووڵاتیی مەدەنیی لێیە».
لە بەرامبەردا، دەسەڵاتدارانی سووریا ڕایانگەیاند لە ئاکامی ئەو هێرشانەدا حەوت کەس کوژراون، لە نێویاندا ژنێک و سێ منداڵ هەن. بەگوێرەی تیمی بەرگریی شارستانیی سووریا، بۆردومانەکان گوندێکی پارێزگای “سووەیدا” و سێ گوندی پارێزگای “دەرعا”یان لە باشووری وڵاتەکە گرتووەتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی سووریا بە توندترین شێوە هێرشەکانی ئیدانە کرد و ڕایگەیاند: «ئەم هێرشانە پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەریی خاکی سووریا و پرەنسیپەکانی دراوسێیەتییە، بە تایبەت کە بەبێ هەماهەنگیی پێشوەختە بووە». وەک کاردانەوەیەکیش، دیمەشق داخستنی تەواوەتیی دەروازەی سەرەکیی سنووریی نێوان هەردوو وڵاتی بۆ هاتوچۆی گەشتیاران و باری بازرگانی ڕاگەیاند.
سەرەڕای ناڕەزایەتییەکەی دیمەشق، وتەبێژی حکوومەتی ئوردن جەختی لەوە کردەوە کە هێرشەکان بە هەماهەنگی ئەنجام دراون و هۆکارەکەشی بۆ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی و ڕێگریکردن لە هەڕەشەی ڕاستەقینەی تیرۆریستان بووە، دووپاتیشی کردەوە کە عەممان ڕێز لە دەوڵەت و گەلی سووریا دەگرێت.
شایەنی باسە، ئەمە یەکەمجار نییە کە فڕۆکە جەنگییەکانی ئوردن هێرش دەکەنە سەر باشووری سووریا؛ پێشتریش چەندین پێگەی قاچاخچێتیی ماددەی هۆشبەر و چەکیان لەو ناوچانە کردووەتە ئامانج، جگە لە بەشداریکردنی ئوردن لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا دژی داعش.

