حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی کارنامەی خۆیدا بۆ پاڵپشتیکردنی کەرتی تەندروستی و کەمکردنەوەی بارگرانیی دارایی لەسەر شانی هاووڵاتییان، لە ساڵی 2025دا پشتیوانییەکی داراییی گەورەی پێشکەشی کەرتی تەندروستیی گشتی کردووە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2025دا بەردەوام بووە لە پێشکەشکردنی پاڵپشتییەکی دارایی گەورە بۆ کەرتی تەندروستی، بە جۆرێک ساڵانە بە تێکڕا نزیکەی 167 دۆلار وەک خزمەتگوزاریی تەندروستی بۆ هەر تاکێک لە هەرێمی کوردستان خەرج دەکات. ئەمەش وای کردووە نەخۆشخانە حکومییەکان ببنە چەترێکی پارێزەری دارایی بۆ خێزانەکان.
پاراستنی باری دارایی هاووڵاتییان: تەنیا لە ساڵی 2025، لە ڕێگەی نەشتەرگەرییە گشتی و فریاکەوتنەکانەوە، باری دارایی لەسەر شانی هاووڵاتییان بە بڕی 182 ملیار و 433 ملیۆن دینار کەم کراوەتەوە. لەم ساڵەدا 217,238 نەشتەرگەریی گشتی بە نرخی 7,000 دینار ئەنجام دراون، لە کاتێکدا نرخی کەرتی تایبەت بۆ هەمان نەشتەرگەری 750,000 دینارە، بەمەش 161 ملیار و 408 ملیۆن دینار بۆ هاووڵاتییان گەڕاوەتەوە. هەروەها 41,250 نەشتەرگەریی فریاکەوتن بەتەواوی بێبەرامبەر کراون، کە لە کەرتی تایبەت تێچووەکەی 500,000 دینارە و 20 ملیار و 625 ملیۆن دیناری تێ چوو کەم کردووەتەوە.
چارەسەری نەخۆشییە سەختەکان و نەشتەرگەرییە ئاڵۆزەکان: تێچووی نەخۆشییە قورسەکانی وەک شێرپەنجە، کە بۆ هەر نەخۆشێک لە نێوان 180,000 بۆ 200,000 دۆلاردایە، بەتەواوی لەسەر ئەستۆی حکومەتە. هەر لەم ساڵەدا 1,108 نەشتەرگەریی چاندنی گورچیلە، 24 چاندنی مۆخی ئێسک، 138,306 شووشتنی گورچیلە و 32,790 پرۆسەی قەستەرە و باڵۆن کراون. بۆ نەخۆشییەکانی تریش وەک هیمۆفیلیا (مانگانە 15,000 دۆلار) و تالاسیمیا بۆ 23,369 تووشبوو، حکومەت خەرجییەکی زۆر لە ئەستۆ دەگرێت.
هاوسەنگیی خەرجی و داهات و دابینکردنی دەرمان: داتاکانی نێوان ساڵانی 2020 بۆ 2025 دەری دەخەن، کە کەرتی تەندروستی ئامانجی قازانج نییە؛ ساڵانە خەرجییەکانی لەنێوان 773.4 ملیار بۆ 966 ملیار دینار بووە، لە کاتێکدا داهاتی لە نێوان 71.4 بۆ 138.8 ملیار دینار بووە. لە ساڵی 2025دا، خەرجییەکان 773.4 ملیار دینار بووە و داهات تەنیا 112.9 ملیار دینار بووە، کە دەکاتە ڕێژەی %85 پاڵپشتیی دارایی حکومەت بۆ کەرتەکە. تەنیا تێچووی دابینکردنی دەرمان لەم ساڵەدا 325 ملیار دینار بووە.
پشکنینی پێشوەختە و خۆپارێزی: لە پێناو پاراستنی تەندروستیی کۆمەڵگە، 512,264 پشکنینی شەکرە و پاڵەپستۆی خوێن، 122,705 پشکنینی پێشوەختەی هاوسەرگیری و 47,176 پشکنینی مامۆگرافی بۆ شێرپەنجەی مەمک بەخۆڕایی ئەنجام دراون.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری

