ئەمڕۆ دووشەممە ٢٨ـی ٩ی ٢٠٢٦، لە ڕێورەسمێکی شایستەدا و بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە بەرپرسانی حزبی و حکوومی، ئەندامانی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی (پ.د.ک)، و بەشداریی دیاری نووسەران و ڕۆژنامەنووسان، یادی (٦٣) ساڵەی دامەزراندنی (ئێزگەی دەنگی کوردستان) بەرز ڕاگیرا.
ڕێوڕەسمەکە بە ساتێک وەستان بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان، سەروەریان بارزانیی نەمر و کاک ئیدریسی هەمیشە لە یاد دەستی پێکرد. دواتر، لەلایەن (عەبدولڕەزاق عەلی)، بەڕێوەبەری ئێزگەی دەنگی کوردستان، وتەی بەخێرهاتن پێشکەش بە ئامادەبووان و میوانانی ڕێوڕەسمەکە کرا.
پاشان وتەی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن لەلایەن (تەحسین دۆڵەمەڕی)، ئەندامی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن، پێشکەش کرا. ناوبراو وێڕای ئاراستەکردنی پیرۆزبایی گەرم بەبۆنەی یادی (٦٣) ساڵەی دامەزراندنی ئێزگەی دەنگی کوردستان، تیشکی خستە سەر مێژووی سەروەریی ئەم دەزگایە کە لەسەر دەستی بارزانیی نەمر دامەزراوە. هەروەها ڕۆڵی کاریگەر و برەوپێدانی ئێزگەکەی لە سەردەمی هەردوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان تاوەکو ئەمڕۆ بەرز نرخاند، کە هەمیشە پەیامێکی نەتەوەیی و کاریگەری بۆ بیسەران و گوێگرانی هەبووە.
لە بەشێکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا، وەک وەفاداری بۆ ماندووبوون و تێکۆشانی قەڵەمە دیارەکان، خەڵاتی ساڵانەی ئێزگەی دەنگی کوردستان بەخشرایە خانەوادەی خوالێخۆشبوو (سەڵاح نوری)، کە یەکێک بوو لە ڕۆژنامەنووسە دەنگدلێر و ئازاکانی شاری کەرکوک و کوردستان.
لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا، کێکی (٦٣) ساڵەی دامەزراندنی ئێزگەی دەنگی کوردستان بڕدرا و، دواتریش چەپکەگوڵی پیرۆزبایی لەلایەن بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن، دامودەزگا حزبی و حکوومییەکان و، ناوەندە میدیاییەکانەوە پێشکەشی ئێزگەی دەنگی کوردستان کرا.




