ئەکتەری میسری، ئەحمەد حیلمی ئامادەکاری دەکات بۆ گەڕانەوە بۆ شاشەی گەورەی سینەما دوای دابڕانێک کە چوار ساڵی خایاند، لە ڕێگەی فیلمە نوێیەکەی بە ناوی “حدوتة” کە بڕیارە لە 11ی تشرینی دووەمی 2026 لە سینەماکانی میسر و ناوچەکەدا نمایش بکرێت.
دوای ئەوەی کۆتا فیلمی بە ناوی “واحد تاني” لە 2022دا پێشکەش کرد، حیلمی ئێستا هەوڵدەدات لەم بەرهەمە نوێیەدا ڕەهەندێکی درامی جیاواز لە فیلمە کۆمیدییەکانی پێشووی هەڵبژێرێت.
حیلمی ڕیکلامی فەرمی فیلمەکەی بڵاوکردنەوە و ڕستەی “هەموو کەسێک چیرۆکێکی هەیە کە شاردوویەتییەوە” بەکاری هێناوە بۆ بەرزکردنەوەی ورەی بینەران.
لە گرتە ڤیدیۆییەکاندا، حیلمی بە ڕوخسارێکی نوێ و چاویلکەی ڕەشەوە دەرکەوتووە، کە گوزارشت لە پشێوی دەروونی و ململانێی ناوخۆیی کارەکتەرەکە دەکات بەرامبەر بە ڕابردووەکەی، لە کۆتاییشدا ئاماژە بەوە کرد مرۆڤەکان زۆر جار چیرۆکە ڕاستەقینەکانیان دەشارنەوە بۆ ئەوەی نەشکێن.

