zagros news agency

ترەمپ : جارێکی تر هەرەشەی دەستپێکردنەوەی هێرشەکان دەکات

سەرەڕای دانوستانە بەردەوامەکانی نێوان ئێران و نێوەندگیرە قەتەرییەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک کە شەڕ لەگەڵ ئەمریکا ڕابگرێت، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا جارێکی دیکە هەڕەشەی دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی بۆ سەر تاران دووبارە کردەوە. ترەمپ لە کۆبوونەوەیەکی هەڵبژاردندا ڕایگەیاند کە ڕەنگە ناچاربێت لە کاتێکی نادیاردا “لێدانێکی کوشندە” ئاراستەی ئێران بکات.

هەروەها ترەمپ لەبەردەم لایەنگرانیدا لە کۆبوونەوەیەکی هەڵبژاردندا ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە لە ویلایەتی ئایۆوا، بەر لە هەڵبژاردنەکانی نیوەی خول کە بڕیارە ڕۆژی سێشەممە بەڕێوەبچێت، گوتی: “تاکە هۆکار کە وایکردووە هێشتا کۆتایی بە کارەکەم لەگەڵ ئێران نەهێنم… ئەوەیە کە دەمەوێت نەرمونیان بم. من دەمەوێت ئەگەر بتوانم هەوڵی ڕزگارکردنی ژیانی ئەو هەموو خەڵکە بدەم… بەڵام لە قۆناغێکدا، ناچار دەبین لێدانێکی کوشندەیان لێبدەین”.

“درێژخایەنتر لە شەڕی پێشوو”

لەلایەکی دیکەوە، ئێران دوێنێ هۆشداری دا لەوەی کە هەر شەڕێکی نوێ لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکاندا ڕەنگە درێژخایەنتر بێت لە شەڕی پێشوو، و جەختی کردەوە کە واشنتۆن نابێتە بڕیاردەر لە دیاریکردنی کۆتاییەکەیدا. محەمەد ئەکرەمی نیا، وتەبێژی سوپای ئێران ڕایگەیاند: “هەر شەڕێک لە داهاتوودا ڕەنگە زیاتر لە شەڕی پێشوو بخایەنێت، و سەرۆکی ئەمریکا لە پێگەیەکدا نابێت کە ڕێگەی پێبدات کاتی کۆتاییهاتنی یان مەرجەکانی کۆتاییپێهێنانی بسەپێنێت”، وەک ئەوەی تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران گواستییەوە.

لای خۆشیەوە، میهرداد ئەخلاقی، وەزیری بەرگری ئێران هەڕەشەی وەڵامێکی “هاوسەنگ، یەکلاکەرەوە و کاریگەر”ی کرد بۆ سەر هەر هێرشێک کە وڵاتەکەی بکاتە ئامانج.

هەروەها حوسێن موحیبی، وتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند: “لە هەر ململانێیەکدا لەگەڵ ئەمریکا، هیچ سنوورێکی جوگرافی نابێت، چونکە ئامانجگەلێکی بەرفراوان دەستنیشانکراون بۆ گەیاندنی زیان بە دوژمن”، بەپێی وتەی خۆی.

بەر لەو لێدوانانە، موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری ئێران لە بەیاننامەیەکدا کە ڕۆژی شەممە لە کەناڵی تێلیگرامەکەی بڵاوکرایەوە، هۆشداری دایە ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئیسرائیل لە ئەنجامدانی هێرشی نوێ، و ڕێنمایی دەرکرد بۆ وەڵامدانەوە “بەبێ سنووردارکردنی جوگرافی” لەسەر هەڕەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل.

لەکاتێکدا عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران هیوای خواست کە “لایەنی بەرامبەر عاقڵانە ڕەفتار بکات و دیپلۆماسی هەڵبژێرێت”، وەک ئاماژەیەک بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان. ئەو جەختی کردەوە کە وڵاتەکەی “ئامادەیە هەم بۆ بەرگری و هەم بۆ دیپلۆماسی”.

هەواڵی پەیوەندیدار

سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا دۆخی ناوچه‌که‌ تاوتوێ ده‌که‌ن

سەڵاح

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى، پيرۆزبايى له‌ مه‌سيحييان ده‌كات

سەڵاح

پیرۆزباییەک لە بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی

سەڵاح