سێشەممە، 3ـی تشرینی دووەمی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان لە پارێزگای سلێمانی جەختیکردەوە، ئەو بڕە نەوتە سپییەی بڕیارە حکوومەتی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان بینێرێت، بەشی پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی هاووڵاتییان ناکات. ئەو بەڕێوەبەرایەتییە داوای پێداچوونەوەی بە پشکی تەرخانکراو بۆ هەرێمی کوردستان کرد بە لەبەرچاوگرتنی هەلومەرجی کەشوهەوا و چڕیی دانیشتووان.
سەلام عومەر، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتییەکە بە ئاژانسی شەفەق نیوز-ی راگەیاند، بڕیارەکەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ناردنی 50 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان، کەمتر لە 20%ـی پێداویستییە راستەقینەکانی هەرێم پێکدەهێنێت.
عومەر گوتیشی، پێداویستییە فەرمییەکانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لە نەوتی سپی نزیکەی 270 ملیۆن لیترە. لەو بڕەشدا پارێزگای سلێمانی تەنیا پێویستی بە 110 ملیۆن لیتر هەیە، ئەمەش وا دەکات ئەو بڕەی لە بەغداوە راگەیەندراوە زۆر سنووردار بێت و لەگەڵ قەبارەی خواستدا نەگونجێت.
بەڕێوەبەرایەتییەکە پشکە دیاریکراوەکەی بە نادادپەروەرانە وەسف کرد و جەختیکردەوە، پێویستە حکوومەتی عێراق هەلومەرجی کەشوهەوای ناوچەکانی هەرێم و ژمارەی دانیشتووان و قەبارەی خواستی سووتەمەنی بۆ گەرمکردنەوە لە وەرزی زستاندا لەبەرچاو بگرێت.
سەلام عومەر روونیکردەوە، تا ئێستا هیچ بەرنامەیەکی روون سەبارەت بە شێوازی دابەشکردنی ئەو بڕە نەوتەی بەغدا بەتەمایە بینێرێت، بە دەستیان نەگەیشتووە. ناوبراو دووپاتیکردەوە کە پشکە راگەیەندراوەکە کەمە و پێویستی بە پێداچوونەوەی جدی هەیە بە جۆرێک کە پێداویستییە راستەقینەکانی پارێزگاکانی هەرێم دابین بکات.
پێشتریش وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، یەکشەممەی رابردوو رەزامەندیی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی لەسەر دابینکردنی 50 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بۆ هەرێم راگەیاندبوو.
پرسی دابینکردنی نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان لە کاتێکدایە ئامادەکارییەکان بۆ وەرزی زستان دەستیپێکردووە و خواست لەسەر سووتەمەنیی گەرمکردنەوە بەرز بووەتەوە، بەتایبەتی لە ناوچە شاخاویی و ساردەکاندا.
پارێزگای سلێمانی یەکێکە لەو ناوچانەی لە وەرزی زستاندا خواستێکی زۆری لەسەر نەوتی سپی هەیە. ئەمەش وایکردووە بڕی دابینکردن و شێوازی دابەشکردنی ببێتە دۆسیەیەکی گرنگ کە پەیوەندیی راستەوخۆی بە ژیانی هاووڵاتییانەوە هەیە.

