ستیڤن فەیگن، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق لە چەند رۆژی رابردوودا پەیامی راستەوخۆی گەیاندووەتە کەسایەتییە حکومی و سیاسییەکان و جەختیکردووەتەوە، واشنتن لە نزیکەوە چاودێریی هەنگاوەکانی کۆنترۆڵکردنی چەک لەلایەن دەوڵەتەوە دەکات.
بەپێی ئەو سەرچاوانەی بە میدیای ناوخۆیان گوتووە، فەیگن هۆشداری داوە پابەند نەبوون بە بەڵێنەکان و دانەنانی پلانێکی کرداری بۆ کۆتاییهێنان بە بوونی چەک لە دەرەوەی کۆنترۆڵی دەوڵەت تا 30ی حوزەیرانی داهاتوو، واشنتن ناچار دەکات عێراق وەک دەوڵەتێکی پاڵپشتیکاری تیرۆر بناسێنێت و سزای جۆراوجۆر و رێکاری جیاواز بەرامبەری بگرێتەبەر.
ئەو سەرچاوانە روونیکردەوە، فەیگن لە کۆبوونەوەکانی ئەم دواییەی لە بەغدا جەختیکردەوە واشنتن تا ئێستا هیچ رێکارێکی راستەقینە و واقیعی نەبینیوە کە کۆنترۆڵکردنی چەک بەدەست دەوڵەتەوە بسەلمێنێت. ئەم نیگەرانییە بەتایبەتی لەگەڵ بەردەوامیی هەڕەشەی گرووپە چەکدارەکاندا هاتووە، کە دواترینیان هەوڵی بەئامانجگرتنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا بوو لە ناوەڕاستی بەغدا لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ناوەڕۆکی کاری لێژنەی چوارقۆڵی کە تایبەتە بە دانوستان لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان ئاشکرایکرد، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەستوەردانی لە دانوستانەکاندا کردووە و کۆبوونەوەی تاکەکەسی لەگەڵ هەندێک لە سەرکردەی ئەو گرووپانە کردووە کە رەتیدەکەنەوە چەکەکانیان رادەست بکەن.
بە گوتەی سەرچاوەکە، لێژنەکە بەردەوامە لە کۆبوونەوەکانی و ئەنجامی باشی لەو بوارەدا بەدەستهێناوە، هەروەها پابەندە بە کۆتاییهێنان بە ئەرکەکەی لەو وادەیەی کە سەرۆکوەزیران بۆ کۆتایی مانگی حوزەیرانی ساڵی 2027 رایگەیاندووە.
بزووتنەوەی ئەوفیا هەینیی رابردوو جەختیکردەوە چەکەکانیان رادەست ناکەن. ئەوان روونیکردەوە، رێککەوتنەکە تەنیا رێکخستنی چەک و قەتیسکردنیەتی لە ماوەی نێوان ئەیلوولی 2026 تا حوزەیرانی 2027، نەک لێسەندنەوە یان رادەستکردنی.
پرسی کۆکردنەوەی چەک لەژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتدا کۆدەنگیی سەرجەم گرووپە چەکدارەکانی عێراقی لەسەر نییە، بەو پێیەی بزووتنەوەی نوجەبا و کەتائیبی حزبوڵڵا و کەتائیبی سەیدولشوهەدا و چەند گرووپێکی دیکە رەتیان کردووەتەوە دەستبەرداری توانا سەربازییەکانیان ببن.

