zagros news agency

ڕاگەیاندراوێک لە وتەبێژى پارتى دیموکراتى کوردستانەوە

 

ئەمڕۆ، ٤ى تشرینى دووەمى ٢٠٢٦، پەرلەمانى کوردستان بە ئامادەبوونى زۆرینەى پەرلەمانتاران، درێژەى بە کۆبوونەوەى یەکەمى خۆیدا و لە پرۆسەیەکى یاسایى و دیموکراتیدا دەستەى سەرۆکایەتى پەرلەمانى هەڵبژارد.
وێڕاى پیرۆزباییمان لە هەموو کوردستانیان، پیرۆزبایى لە سەرۆکى پەرلەمان و جێگر و سکرتێرى پەرلەمان دەکەین و لەم ئەرکە نیشتمانییەیاندا هیواى سەرکەتنیان بۆ دەخوازین. ئەمە هەنگاوێکى درەنگوەخت بەڵام پێویست بوو لەپێناو پاراستنى قەوارەى دەستووریى هەرێمى کوردستان. بەداخەوە دوو ساڵە بەهۆى بڕیارى سیاسیى سەرکردایەتى یەکێتیى نیشتمانی و نەوەى نوێ ئەم دامەزراوە شەرعییەى هەرێم کە نوێنەرایەتى دەنگ و ئیرادەى خەڵک دەکات پەک خرابوو.

ئەمڕۆ زۆرینەى پەرلەمانتاران لە فراکسیۆنەکان، بە هەستکردنیان بەرامبەر بە ئەرکى نیشتمانیان و ڕێزگرتن لە دەنگى خەڵک و پابەندییان بە سوێندى یاسایی، پرۆسەى دیموکراسییان سەرخست و کۆتاییان بەو بۆشاییە یاساییە و خۆسەپاندنى کەمینەیەکى سیاسى هێنا. ئەمەش سەرەڕاى ئەوەى کە هەڕەشەى زۆر لە هەندێ پەرلەمانتار و کەسوکارییان کراوە، کە ئەمە ئاماژەیەکى مەترسیدارە و هەڕەشەیە لە دیموکراسى و ئیرادەى خەڵک و دەربڕى عەقڵیەتێکە کە خزمەت بە دیموکراتیزەکردنى بوارەکانى ژیانى کۆمەڵگاى کوردستان ناکات.

هیوادارین هەموو لایەک ڕێز لە ویست و ئیرادەى خەڵک و پڕۆسەی دیموکراسیی بگرن. پەرلەمانى کوردستان شوێنى ڕاستەقینەى دانوستانى سیاسى و یاساییە و فاکتەرى یەکڕیزى و یەکگرتنى ناوخۆى کوردستانە. کارابوونەوەى پەرلەمان دژى هیچ کەس و لایەنێک نییە و دەرگا کراوەیە بۆ هەموو لایەک و ئومێدەوارین دوابەدواى کاراکردنەوەى پەرلەمانى کوردستان، فراکسیۆنى لایەنەکانى دیکەش بڕیارى ئەرێنى بدەن و بەشداربن لە پاراستنى شەرعیەت و قەوارەى هەرێمى کوردستان، هەروەها ئەم هەنگاوە ببێتە هاندەر بۆ هەڵگرتنى بەرپرسیاریەتى هاوبەش لە بەرەوپێشبردنى هەرێمى کوردستان لەم قۆناغە هەستیارەدا و لێکنزیک کردنەوەى هەموو بۆچوونەکان بۆ خزمەتى خەڵک و ئایندەى کوردستان.

مەحموود محەمەد
وتەبێژى پارتى دیموکراتى کوردستان
٤/ ١١/ ٢٠٢٦

هەواڵی پەیوەندیدار

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازيى له‌ كونسوڵى گشتيى نوێى كۆمارى چيك كرد

یاسین

گرفت لە بەردەم ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نەماوە

یاسین

بە ئامادەبوونی ڕاوێژکاری باڵای سەرۆک ترەمپ ئێوارە خوانێک بۆ بەخێرهێنانی سەرۆکی حکومەت لە واشنتن سازکرا

یاسین