مامۆستای زانکۆی سۆران، فەرهەنگ دۆڵەمەڕی، لە لێدوانێکدا سەبارەت بە کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس ڕایگەیاند کە ئەم هەنگاوە تەنها گەڕانەوەی دەزگایەکی یاسادانان نییە، بەڵکو سیمبولی خەبات و ئیرادەی ڕەوای گەلی کوردستانە، جەختیش دەکاتەوە کە کارابوونی دامەزراوە نیشتمانییەکان زامنی مانەوەی قەوارەی هەرێم و گەڕانەوەی متمانە و چاودێریی دامەزراوەییە.
کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان؛ هەنگاوێکی مێژوویی
پەرلەمانی کوردستان جگە لەوەی سەرچاوەی باڵای یاسادانانە، هاوکات سیمبولی خەبات، قوربانییدان و بەرجەستەکردنی ئیرادەی ڕەوای گەلی کوردستانە. لە مێژووی هاوچەرخی کورددا، ئەمڕۆ وەک ڕۆژێکی مێژوویی و وەرچەرخانێکی گرنگ لە پرۆسەی سیاسیی هەرێمی کوردستاندا تۆمار دەکرێت. شەرعییەتی هەرێمی کوردستان لە سندوقەکانی دەنگدان و کارابوونی دامەزراوە نیشتمانییەکانیداوە ڕەگی داکوتاوە. کاتێک پەرلەمانی کوردستان کارا دەبێتەوە و ڕۆڵی کارای خۆی دەگێڕێت، ئومێد و متمانە دەگەڕێتەوە بۆ سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگە. کارابوونی ئەم دامەزراوەیە بە مانای بەهێزکردنەوەی پایەکانی دیموکراتی، چاودێریکردنی کارەکانی حکومەت، لێپرسینەوە، و پاراستنی ماف و ئازادییە گشتییەکان دێت.
گوتیشی: لەم ڕۆژە مێژووییەدا، بەرپرسیاریەتییەکی گەورە دەکەوێتە سەر شانی نوێنەرانی گەل. پەرلەمانتاران پێویستە لە ئاستی داواکاری و خواستەکانی هاووڵاتییاندا بن؛ کار بۆ دروستکردنی کەشێکی سیاسیی ئارام و هاوبەش، چاکسازیی و نوێکردنەوە لە دامەزراوەکاندا، و دەرکردنی ئەو یاسایانە بڕەخسێنن کە خزمەت بە بژێوی خەڵک و ئاسایشی کۆمەڵایەتی دەکەن. کاراکردنەوەی پەرلەمان پەیامێکی ڕوونیشە بۆ ناوچەکە و جیهان کە گەلی کوردستان سەرەڕای هەموو ئاڵنگاری و قەیرانەکان، بەردەوامە لە پاراستنی ئەزموونە دیموکراتییەکەی و بەهێزکردنی سەروەریی یاسا. لە کۆتاییدا، ئەم ڕۆژە مێژووییە دەستپێکێکی نوێ و دەرفەتێکی زێڕینە بۆ یەکخستنی ڕیزەکانی گەل و دروستکردنی ئایندەیەکی باشتر بۆ نەوەکانی داهاتوو. کارابوونی پەرلەمان، زامنی مانەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان و نیشانەی زیندوێتی ئیرادەی گەلێکە کە هەمیشە داوای دادپەروەری و پێشکەوتن دەکات.

