لە شاری هەولێر، بە هاوبەشی لە نێوان دەزگای خێرخوازیی بارزانی و ڕێکخراوی مرۆیی (LDS)ی ئەمریکی، سەنتەرێکی تایبەت بە شیاندنەوە و چارەسەرکردنی ئاڵوودەبووانی ماددە هۆشبەرەکان دادەمەزرێت.
ئەم پڕۆژەیە لە میانی کۆبوونەوەی نێوان ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و شاندێکی باڵای ڕێکخراوی (LDS)ی ئەمریکی تاوتوێ کرا، کە بە مەبەستی فراوانکردنی چالاکییە مرۆییەکانیان سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە.
ئامانج لە دامەزراندنی سەنتەرەکە، پێشکەشکردنی چارەسەری پێشکەوتووی دەروونی و جەستەییە بە شێوازێکی زانستی بۆ تووشبووان و بەتایبەت توێژی گەنجان، تاوەکو لە ڕووی تەندروستی و کۆمەڵایەتییەوە شیابکرێنەوە و بگەڕێندرێنەوە ناو کۆمەڵگە.
لە کۆبوونەوەکەدا، ئومێد خۆشناو تیشکی خستە سەر مەترسییەکانی ماددە هۆشبەرەکان و هەنگاوە یاسایی و کارگێڕییەکانی حکومەت و پەرلەمانی کوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم دیاردەیە، هاوکات ڕایگەیاند: “ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان، یەکێکە لە ئەولەویەتە گرنگەکانی حکومەت و پێویستی بە هەنگاوی کرداری، چارەسەری زانستی و هەماهەنگیی بەردەوام هەیە.”
پارێزگاری هەولێر ستایشی مێژووی ١٢ ساڵەی هاوکارییەکانی ڕێکخراوی (LDS)ی لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی کرد، کە تێیدا نزیکەی ١٢ ملیۆن دۆلاریان لە پڕۆژە تەندروستی و مرۆییەکاندا خەرج کردووە، هەروەها جەختی کردەوە کە پارێزگای هەولێر هەموو ئاسانکاری و پاڵپشتییەکی پێویست پێشکەش دەکات بۆ سەرخستنی ئەم پڕۆژە مرۆیی و تەندروستییە گرنگە، کە ڕۆڵی دەبێت لە پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی لە سنوورەکەدا.



