ناتالیا دێنیسۆڤا، سکرتێری زانستی لە ناوەندی فیدراڵیی تەکنۆلۆژیا زیندەیییەکانی رووسیا و پسپۆڕی خۆراک رایگەیاند، پیتزا بەهۆی رێژەی بەرزی چەوری و خوێ، بەرهەمێکی تەندروست نییە بۆ سیستەمی خۆراکی منداڵان.
دێنیسۆڤا روونیکردەوە، پیتزا ناتوانێت جێگەی ژەمێکی تەواوی نیوەڕۆ بگرێتەوە.
پێشتر ئێلینا یامپۆلسکایا، راوێژکاری سەرۆکی رووسیا پێشنیاری کردبوو پیتزا لە چێشتخانەی قوتابخانەکانی رووسیا قەدەغە بکرێت، بەو پێیەی بە خۆراکێکی زیانبەخش بۆ منداڵان دەژمێردرێت.
دێنیسۆڤا سەبارەت بە هۆکاری ناتەندروستبوونی پیتزا گوتی: “پیتزا بەزۆری بڕێکی زۆر پەنیری چەور و سۆسی جۆراوجۆری وەک مایۆنیز لەخۆ دەگرێت. زۆرجار لەبری گۆشتی سروشتی، سۆجق یان سۆسیسی تێدەکرێت کە بەرهەمی زۆر دەستکاریکراون و سوودیان بۆ جەستە نییە. ئەم خواردنە لە رووی رێژەی پرۆتین و چەوری و کاربۆهیدراتەوە هاوسەنگ نییە”.
بە گوتەی ئەو پسپۆڕە، پێویستە ژەمە خۆراکییەکەی نیوەڕۆی قوتابییان هاوسەنگ بێت و دوو جۆر خواردن لەگەڵ زەڵاتەی سەوزە لەخۆ بگرێت. هەروەها پێشنیار دەکرێت بەرهەمە شیرەمەنییەکان رۆژانە لە سیستەمی خۆراکی منداڵدا هەبن، چونکە سەرچاوەی گرنگی پرۆتین و کالسیۆمن. هاوکات خواردنی گۆشت و ماسی و مریشک پێکهاتەی پرۆتینی پێویست بۆ گەشەی منداڵ دابین دەکەن.
دێنیسۆڤا لە کۆتاییدا روونیکردەوە، ئەو ژەمە سوکانەی منداڵان وەک سانویچ یان کێک و شیرینی لەگەڵ خۆیان بۆ قوتابخانە دەیبەن، ناتوانن ئەو پێداویستییە خۆراکییانە دابین بکەن کە منداڵ بۆ گەشەکردن و پاراستنی تەندروستی پێویستی پێیەتی.

