ئامارە فیدراڵییەکان ئاشکرای دەکەن ڕێژەی دامەزراندن لەنێو ئەو کەسانەی لە ئەڵمانیا پاشخانێکی کۆچبەریان هەیە، لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز بووەتەوە و گەیشتووەتە ٧٠%.
بەپێی ئامارەکانی نووسینگەی فیدراڵی ئامار، لە ساڵی ٢٠٢٥دا، کۆی گشتیی ٧٠%ی ئەو کەسانەی لە ئەڵمانیا پاشخانێکی کۆچبەریان هەیە، دامەزراو بوون. ئەم ژمارەیە بە بەراورد بە ساڵی ٢٠٠٥، گەشەیەکی ١٣%ی نیشان دەدات.
لە بەرانبەردا، لەنێو ئەو کەسانەی پاشخانێکی کۆچبەریان نییە، ڕێژەی دامەزراندن لە ساڵی ڕابردوودا ٨١% بووە. نووسینگەی فیدراڵی ئامار ڕایگەیاندووە، ئەو کەسانە بە خاوەن پاشخانی کۆچبەری دادەنرێن کە خۆیان یان هەردوو دایک و باوکیان لە ساڵی ١٩٥٠ەوە کۆچیان بۆ ئەڵمانیا کردووە.
بەپێی دوایین سەرژمێری، نزیکەی ٥٣ ملیۆن کەسی تەمەن ١٥ بۆ ٦٤ ساڵ لە ئەڵمانیا دەژین. لەنێو ئەمانەدا، نزیکەی ١٣ ملیۆن کەس کۆچبەرن، ٣ ملیۆن کەس منداڵی دوو دایک و باوکی کۆچبەرن و ٢.٥ ملیۆن کەسیش یەک دایک یان باوکیان کۆچبەرە.
شارەزایان دەڵێن، داهاتی هاووڵاتییانی خاوەن پاشخانی کۆچبەری بە تێکڕا کەمترە لەو کەسانەی پاشخانێکی کۆچبەریان نییە. بەپێی ڕاپۆرتی نووسینگەی ئاماری ئەڵمانیا لە ساڵی ٢٠٢٥، ئەو کەسانەی پاشخانێکی کۆچبەریان هەبووە و بە شێوەی کاتی تەواو کاریان کردووە، بە تێکڕا نزیکەی ١٦% کەمتر لەو کەسانە داهاتیان بووە کە پاشخانێکی کۆچبەریان نەبووە.
ناتالی پاولیک، نوێنەری حکوومەتی ئەڵمانیا بۆ یەکگرتنی کۆمەڵایەتی، ڕۆژی پێنجشەممە ١٢ی تشرینی دووەم، نوێترین ڕاپۆرتی خۆی پێشکەش کرد. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، زۆرینەی هەرە زۆری ئەو کەسانەی پاشخانێکی کۆچبەریان هەیە، هەست دەکەن کە سەر بە ئەڵمانیان.
ناوبراو لەگەڵ ئەوەشدا، سەبارەت بە کەمکردنەوەی خولەکانی زمانی و یەکگرتنی کۆمەڵایەتی لە ئەڵمانیا هۆشداری دا و جەختی کردەوە کە فێربوونی زمانی ئەڵمانی ڕۆڵێکی سەرەکی لەم بوارەدا دەگێڕێت.

