zagros news agency

پەرلەمانتارێک لەسلێمانی بۆ زاگرۆس: خەڵکی دڵسۆزی سلێمانی پیلانی جیاکردنەوەی شارەکەیان لە هەرێمی کوردستان تێکشکاند

 

بەختیار بێسەری، پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی کوردستان لە سنووری پارێزگای سلێمانی، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی «زاگرۆس» ڕایگەیاند کە دوێنێ هاووڵاتییانی نیشتمانپەروەر و دڵسۆزی شاری سلێمانی توانییان شکستی تەواو بەو کەمپینە بهێنن کە مەرامی جیاکردنەوەی سلێمانی لە هەرێمی کوردستانی هەبوو.
بەسەری جەختی لەوە کردەوە کە هەر ئەمەش چاوەڕوان لە خەڵکی تێکۆشەری سلێمانی دەکرا، چونکە ئەوان هەمیشە خەڵکێکی نیشتمانپەروەر بوون و بەرگریی ڕاستەقینە لە قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان دەکەن. ئەو پەرلەمانتارە دووپاتی کردەوە کە بە هیچ شێوەیەک ڕێگا نادرێت شاری سلێمانی لە هەرێمی کوردستان جیا بکرێتەوە، چونکە دەنگی دلێر و بوێری خەڵکی سلێمانی هەمیشە لە پرسە نیشتمانی و نەتەوەییەکاندا دیار بووە و پارێزگارییان لە قەوارەی هەرێم کردووە.
لە بەشێکی تری لێدوانەکەیدا، بەختیار بێسەری ئاماژەی بەوە دا کە ڕاستە کۆمەڵە کەسانێک هەن نیگەرانن و ڕەخنەیان هەیە لە بارودۆخەکە، بەڵام ئەمە بە واتای ئەوە ناگەیەنێت کە ئەم ڕەخنەگرانە دژی قەوارەی هەرێمی کوردستان یان لەگەڵ جیاکردنەوە و لەتکردنی کوردستان بن. لە کۆتاییدا جەختی لەوە کردەوە کە سلێمانی وەک بەشێک لە هەرێمی کوردستان دەمێنێتەوە و پێکەوە لەگەڵ هەولێر، دهۆک و سەرجەم شارەکانی دیکە، کار بۆ بەهێزکردنی قەوارەی سیاسیی کوردستان و دامەزراوە دەستووری و شەرعییەکانی دەکەن.

هەواڵی پەیوەندیدار

دۆلار رابەزی

سەڵاح

روونکردوەیەک لە پۆلیسی هەولێرەوە

یاسین

نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا دابەزی

یاسین