یەکێک لە ڕۆشنبیر و هونەرمەندەکانی شاری سلێمانی زۆر نیگەرانە لەوەی لە سلێمانییەوە کەمپین دەکرێت بۆ دژایەتیکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان، و دەڵێت: «حەیف، ئەم شارە سەرتۆپکی کوردایەتی بوو، ئێستا کەمینەیەکی دەسەڵات دەیانەوێت شارەکە بەرەو هەڵدێر ببرێن.»
مامۆستا حەمەڕەشید هەرەس بۆ ئاژانسی زاگرۆسی ڕاگەیاند: «سەرم سوڕماوە لەو کەمینە خەڵکەی لە شاری سلێمانی کەوتوونەتە دوای قسەی پوچی هەندێک سیاسی، کە دەیانەوێت ناسنامەی ئەم شارە لە کوردستانیبوون داببڕن. ئەوەی واژۆی بۆ جیاکردنەوەی سلێمانی کردووە، نیشانەی پرسیاری لەسەر ئەخلاق و پەروەردەی کۆمەڵایەتیی خۆی دانووە. سەرمان سوڕماوە خەڵکانێکی کەمینە و چەند کەسێک چۆن لەم شارە نیشتمانپەروەرە ڕێگەیان بۆ بووەتەوە و بەئاشکرا کەمپین بۆ جیاکردنەوەی کوردستان بکەن.»
ناوبراو گوتیشی: «ئەوەی حوکمی سلێمانی بە دەستەوەیە، بیرکردنەوەی کورستانیی نییە؛ گرفتی سلێمانی ئەوەیە. ئەوەی شارەکەی بە دەستەوەیە، هانی خەڵکی ئەم شارە دەدات بۆ جیاکردنەوە لە کوردستان، و بەداخەوە چەند قەڵەمێکی خۆفرۆش و لەرزۆک کە بە پارە کڕدراون، دەیانەوێت هانی خەڵکی ئەم شارە بدەن بۆ جیابوونەوە لە کوردستان.»
حەمەڕەشید هەرەس راشیگەیاند: «کاتێک رەخنە دەگریت لەم کەمپین و جیاکردنەوەی سلێمانییە، بە هەزاران قەڵەمفرۆش و جاش بەردەبنە گیانت و بە تۆمەتی جیاواز ناوت دەزڕێنن، کاتێکیش قسە ناکەیت و هەڵوێستت نابێت، ئەوە دەرئەنجامەکەیەتی؛ کۆمەڵێک جاش بەدیار کورسی و میزێکەوە هاواری جیاکردنەوەی سلێمانی دەکەن، و ئەم گروپ و تاقمە بەدیار نیشتمانپەروەرانەوە دەیانەوێت سلێمانی بفرۆشن و ڕێگاش نەدەن خەڵک قسە لەسەر ئەم فرۆشتنە بکات. بۆیە تا کاتێک بێگانە حوکمی سلێمانی بکات، چاوەڕوانیی شتی باش ناکرێت، و کەمینەیەکی دەسەڵات بە زەبری هێز سلێمانیان تووشی هەڵدێر کردووە و دەیانەوێت یاخیی بکەن لە کوردایەتی.»

