کۆبوونەوەی شاندی سلێمانی بە سەرۆکایەتیی بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە بەغدا بە بێ گەیشتن بە ئەنجام و بە شكست کۆتایی هات، دوای ئەوەی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی ڕایانگەیاند کە لە ئێستادا ئامادە نین تێوەگلانی کێشە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان ببن لە بەغدا.
بەپێی زانیاری و بەدواداچوونەکانی ئاژانسی زاگرۆس، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان سەرکردایەتیی شاندی سلێمانی—کە پێکهاتبوون لە بافڵ تاڵەبانی، شاسوار عەبدولواحید و نزار ئامێدی—لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی، سەرکردەکانی چوارچێوەکە بە ڕاشکاوی بە شاندەکەیان ڕاگەیاندووە کە بەغدا خۆی لە ئێستادا بەدەست کۆمەڵێک گیروگرفت و ئاڵۆزیی سەرەکییەوە دەناڵێنێت و کاتی ئەوە نییە ئەم بابەت و کێشانە بهێنرێنە بەغدا. هەروەها سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی ئاماژەیان بەوە کردووە کە پێویستە ئەم پڕسانە لە چوارچێوەی دەستوور و یاسا بەرکارەکانی هەرێمی کوردستاندا لە ناوخۆی هەرێم چارەسەر بکرێن، بەمەش کۆبوونەوەکەیان بە ناڕەزایەتی و بێ ڕێککەوتن کۆتایی پێهات.

