وەزیری هاوکاری و گەشەپێدانی ئەڵمانیا گەیشتە هەولێر. بەپێی بەدواداچوونی ئاژانسی “زاگرۆس”، سەردانەکە لەسەر بانگهێشتی فەرمیی هەرێمی کوردستان بووە و تێیدا لەسەر چەند تەوەرێکی گرنگ گفتوگۆ دەکرێت.
ئەمڕۆ وەزیری هاوکاری و گەشەپێدانی ئەڵمانیا (ڕیم عەلەبالی ڕادۆڤان) گەیشتە هەولێر و بڕیارە لەگەڵ سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە. سەرچاوەیەکی باڵای دیپلۆماسی بۆ ئاژانسی زاگرۆس ڕایگەیاند: “ئەم وەزیرە لەسەر بانگهێشتی هەرێمی کوردستان هاتووە، بڕیارە لەگەڵ سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت کۆببێتەوە، بە ئەگەرێکی زۆریشەوە چەند بەرنامەیەکی دیکەی دەبێت. بەپێی نەریتە دیپلۆماسییەکان، سەردانی هەر وەزیرێکی وڵاتان بۆ کوردستان لە خۆیدا گرنگییەکی تایبەتی هەیە.”
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش کرد کە وەزیری ناوبراو لە بەغداوە هاتووەتە هەولێر؛ لە ڕابردوودا ئەڵمانیا بڕێکی زۆر هاوکاریی دارایی لە کوردستان خەرج کردووە بۆ پەرەپێدانی جۆراوجۆر، هاوکاریی کەمپەکان و زۆر بواری دیکە. ئامانجی سەردانەکەش زیاتر بۆ دڵنیا بوونەوەیە لە بەردەوامیی هاوکارییەکان لە پرسەکانی: ئاو، گۆڕانی کەشوهەوا، هاوکاریکردنی ئاوارەکان و گەشەپێدانی کلتووری.
بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی زاگرۆس، کۆمەڵێک پەرلەمانتاری ئەڵمانیاش هاوڕێیەتیی شاندەکە دەکەن.

