پاڵێوراوانی خەڵاتەکانی گرامی بۆ ساڵی ٢٠٢٧ دەستکەوتی ناوازە و سوپرایزی بەرچاویان تۆمار کرد، تێیدا بیۆنسێ بە ژمارەیەکی پێوانەیی بێوێنە پێشەنگی گرت و ئامادەبوونێکی بەهێزی ئافرەتان بەدی کرا.
ئەکادیمیای نیشتمانی بۆ تۆمارکردنی هونەر و زانستەکان لیستی پاڵێوراوانی خولی ٦٩هەمینی خەڵاتەکانی گرامی ڕاگەیاند. لەم خولەدا بیۆنسێ بە گەیشتن بە 100 پاڵاوتن پێشەنگی گۆڕەپانی میوزیکی گرت و بووە یەکەم هونەرمەند لە مێژووی خەڵاتەکەدا کە ئەم ژمارەیە تۆمار بکات، هاوکات گۆرانیبێژی لاوی ئەمریکی، ئێلا لانگلی بە تۆمارکردنی دەستکەوتێکی ناوازە لە چوار پۆلە سەرەکییەکەدا سەرنجی شارەزایانی ئەو بوارەی ڕاکێشا.
لە بەرامبەردا، خانمە ئەستێرەکان کۆنترۆڵی لیستی زۆرترین پاڵێوراوانیان کرد بە درەوشانەوەی ناوەکانی وەک ڕای، ڕۆزالیا، تایلۆر سویفت و ئۆلیڤیا ڕۆدریگۆ، لە کاتێکدا دوورکەوتنەوەی ئەستێرەی بەریتانی هاری ستایلز لە لیستەکە یەکێک بوو لە دیارترین سوپرایزەکانی ئەم خولە نوێیە.
بیۆنسێ ئەم دەستکەوتەی بەدەستهێنا دوای وەرگرتنی پاڵاوتنێکی نوێ لە پۆلی باشترین نمایشی تاکەکەسیی میوزیکی R&B بۆ گۆرانیی “Morning Dew (Donk)”، بەمەش کۆی پاڵاوتنەکانی گەیاندە 100 و پێگەی خۆی وەک زۆرترین هونەرمەندی پاڵێوراو و براوە لە مێژووی خەڵاتەکانی گرامیدا پتەوتر کرد، کە تا ئێستا ٣٥ خەڵاتی لە کاروانی هونەریی خۆیدا بەدەستهێناوە.
لە لایەکی دیکەوە، ئێلا لانگلی ئامادەبوونێکی مێژوویی تۆمار کرد بە بەدەستهێنانی حەوت پاڵاوتن کە چوار پۆلە گەورەکەی گرتەوە: باشترین ئەلبوومی ساڵ بۆ “Dandelion”، باشترین تۆمار و باشترین گۆرانیی ساڵ بۆ “Choosin’ Texas”، لەگەڵ خەڵاتی باشترین هونەرمەندی نوێ. بەمەش لانگلی بووە ١٧هەمین هونەرمەند کە لە یەک خولدا بچێتە نێو کێبڕکێی هەر چوار خەڵاتە سەرەکییەکەوە، هەروەها بووە یەکەم گۆرانیبێژی کانتری کە لە دوای بۆبی جێنتری لە ١٩٦٨ـەوە ئەم دەستکەوتە بەدەستبهێنێت.

