دەرهێنەری کورد هەڵکەوت مستەفا لە هەژمارەکانی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوی کردەوە، فیلمی “No Paradise If You Are Killed by a Woman” خەڵاتی جیهانیی “Free World Award“ـی لەلایەن پەیمانگەی فیلمی ئۆکرانیاوە لە فێستیڤاڵی فیلمی تالین بەدەست هێناوە.
ئەم فیلمە کە ماوەکەی 110 خولەکە، لەلایەن کۆمیسیۆنی نیشتمانیی عێراقەوە بە کۆدەنگی هەڵبژێردراوە بۆ ئەوەی نوێنەرایەتی عێراق بکات لە 97ـەمین رێوڕەسمی خەڵاتەکانی ئۆسکاردا لە بەشی باشترین فیلمی نێودەوڵەتی.
لە فیلمەکەدا ئاڤان جەمال رۆڵی سەرەکی دەگێڕێت و چیرۆکی ڤیان دەگێڕێتەوە، کە نیشانەشکێنێکی کوردە و دوای زانینی ئەگەری زیندوومانەوەی خوشکە بچووکەکەی لە مووسڵ لە ساڵی 2014، دەگەڕێتەوە ناو شارەکە و رووبەڕووی ئالنگاریی مەترسیدار دەبێتەوە.
هەڵکەوت مستەفا رایگەیاند، بیرۆکەی فیلمەکەی لە چیرۆکی راستەقینەی نیشانەشکێنێکی ئافرەتی پێشمەرگە وەرگرتووە و دیمەنەکانیشی لەناو کەلاوە راستەقینەکانی مووسڵدا وێنە گرتووە.
فیلمەکە یەکەم نمایشی جیهانیی خۆی لە 83یەمین فێستیڤاڵی فیلمی ڤینیس لە 2 تا 12ـی ئەیلوولی 2026 ئەنجام دا و بەرهەمهێنانی لەلایەن چەند بەرهەمهێنەرێکەوە بە هاوکاری کۆمپانیاکانی هەنێ و لامیدیا و “The Chimney Pot” کراوە.
ئەمە دووەم جارە دوای فیلمی “کلاسیکۆ” هەڵکەوت مستەفا بۆ ئۆسکار هەڵبژێردرێت، کە تێیدا زیاتر لە 50%ـی دیالۆگەکان بە زمانێکی دیکە جگە لە ئینگلیزی بن و لە کۆی 80 بۆ 90 فیلمی وڵاتان، سەرەتا 15 فیلم و پاشان 5 فیلم دەستنیشان دەکرێن.

