بیرۆکەیەکی نوێی ماکۆلی کۆلکین بووەتە هۆی دەستپێکردنی قۆناغی پەرەپێدانی بەشی نوێی زنجیرە فیلمی کۆمیدیی “Home Alone“، کە لەلایەن دیزنییەوە کاری لەسەر دەکرێت.
لەم بەشە نوێیەدا کە شەشەمین فیلمی زنجیرەکەیە، ماکۆلی کۆلکینی تەمەن 46 ساڵ دوای زیاتر لە سێ دەیە دەگەڕێتەوە بۆ رۆڵی “کیڤن مەکالیستەر”، بەڵام ئەمجارەیان وەک باوکێک کە بەهۆی سەرقاڵیی زۆرەوە کەمتەرخەمە بەرامبەر کوڕە بچووکەکەی، بۆیە کوڕەکەی دەرگاکانی ماڵەوە دادەخات و کیڤن ناچار دەبێت بۆ گەڕانەوەی متمانە، بەناو داو و تەڵەکانی ناو ماڵەکەدا تێپەڕێت.
سێس رۆگن و ئیڤان گۆڵدبێرگ کە پێشتر فیلمەکانی “Superbad“، “The Night Before” و “The Muppets“ـیان نووسیوە و بەرهەم هێناوە، گرێبەستیان واژۆ کردووە بۆ نووسینی سیناریۆ و بەرهەمهێنانی جێبەجێکارانە.
ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە دوای 36 ساڵ، فیلمی یەکەمی زنجیرەکە تەنیا ئێستا بە 177 ملیۆن خولەک سەیرکردن لە پلەی 9ـی لیستەکانی پەخشی دیجیتاڵیدا ماوەتەوە و بەردەوام بینەری نوێ بۆ خۆی رادەکێشێت.

