لە دوایین نووسینیدا، شوان زراری، ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان، جەخت دەکاتەوە کە سەرکەوتنی کابینەی نۆیەم لە سایەی ئیرادەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەدیهاتووە، کە توانیویەتی سەرەڕای ئاڵنگارییەکان، چاکسازی و دیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکان، پەرەپێدانی ژێرخان، لامەرکەزییەت و پشتیوانیکردن لە سەرمایەداری خۆماڵی بەرەوپێش ببات.
شوان زراری، پەرلەمانتاری خولی پێشووی کوردستان، لە دوایین نووسینیدا بە ناونیشانی «جێگا پەنجەی مەسروور بارزانی لە ئاوەدانی و پێشخستنی کوردستان»، تیشکی خستووەتە سەر کار و دەستکەوتەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ڕۆڵی سەرۆکی حکوومەت لە بەڕێوەبردنی دۆخە سەختەکاندا.
لە نووسینەکەدا هاتووە، لە ئیدارەدانی دەوڵەتدا هەر کاتێک ئیرادەی بەڕێوەبردن نەمێنێت، سێکتەرەکانی خزمەتگوزاری پەک دەکەون، بەڵام چیرۆکی سەرکەوتنی مەسروور بارزانی لە کابینەی نۆیەمدا مانەوەی ئەو ئیرادەیە بووە کە بە پشتیوانی خەڵک بەسەر ئاڵنگارییەکاندا سەرکەوتووە. ئاماژە بەوەش کراوە کە سەرۆکی حکوومەت لە کۆڕبەندی داڤۆس و لووتکەی حکوومەتەکانی جیهان لە دوبەی، سەرمایەدار و خاوەنکارانی کوردستانی بە جیهان ناساندووە و متمانەی بە وەبەرهێنەرانی ناوخۆ داوە.
شوان زراری لە بەشێکی دیکەی نووسینەکەیدا باسی لەوە کردووە کە سەرەڕای ئاڵنگارییەکان، هەڵمەتی چاکسازی لە دامەزراوەکانی حکوومەت بەڕێوەچووە، ڕۆتینی ئیداری کەم کراوەتەوە و سیستەمی بانکی و خزمەتگوزارییەکان بەرەو دیجیتاڵبوون هەنگاوی ناوە، وەک ئەپڵیکەیشنەکانی حکوومەت بۆ ڕاییكردنی مامەڵە و پێدانی پارەی کارەبا، لەگەڵ پلانەکانی داهاتوو بۆ بەستنەوەی دامەزراوەکان بە تۆڕێکی گەورەی دیجیتاڵییەوە هاوشێوەی ئەزموونی ئیمارات. هەروەها ئاماژەی بە پڕۆژەکانی ڕووناکی، هەژماری من، ڕێگاوبان، ئاوەڕۆ، ژینگە، بەنداو، سایلۆکان و بونیادنانی ژێرخانی ئاسایشی خۆراک کردووە.
لە تەوەرێکی دیکەدا، پەرلەمانتارەکەی خولی پێشوو بە بڕیاری شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتە کارگێڕی و داراییەکان لە چوارچێوەی لامەرکەزیەتدا بۆ پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان وەستاوە، بەتایبەت دامەزراندنی ئیدارە سەربەخۆکانی سۆران و زاخۆ و دەیان بەڕێوەبەرایەتیی خزمەتگوزاریی نوێ، کە بە بڕوای ئەو، جیاوازیی نێوان ناوچەکانی کەم کردووەتەوە و جووڵەی بازرگانی و وەبەرهێنانی لە ئیدارە سەربەخۆکاندا کارا کردووە.
لە کۆتایی دوایین نووسینیدا، شوان زراری جەختی کردووەتەوە کە پشتیوانیکردن لە سەرمایەداری خۆماڵی و بونیادنانی ژێرخانی ئابووری، بناغەیەکی بۆ نەوەی داهاتوو داناوە تا خۆیان بە بەشێکی گرنگی پێشکەوتن ببینن و جێگەی دەستی سەرۆکی حکوومەت بە سەرجەم ئەو سەرکەوتنانەوە دیارە.

