گرووپی میوزیکی کۆری، بی تی ئێس، توانی پێنج خەڵات لە رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی “MAMA Awards 2026” بباتەوە و پێشەنگی لیستی براوەکانی ئەم خولەی بۆنە موزیکییەکە بگرێت، ئەمەش دوای بەدەستهێنانی هەردوو خەڵاتی باشترین هونەرمەندی ساڵ و باشترین ئەلبوومی ساڵ بۆ ئەلبوومی “Arirang”.
گرووپەکە لە شەوی یەکەمی رێوڕەسمەکەدا، کە رۆژی 20ی تشرینی دووەم لە هۆڵی کیۆسێرا لە شاری ئۆساکای ژاپۆن بەڕێوەچوو، خەڵاتی هونەرمەندی ساڵی بەدەستهێنا، پاشان لە شەوی دووەمدا و لە 21ی تشرینی دووەم، خەڵاتی ئەلبوومی ساڵی بۆ ئەلبوومی “Arirang” پێبەخشرا.
بەم شێوەیە توانی دوو لە چوار خەڵاتە گەورەکە بباتەوە، سەرەڕای سێ خەڵاتی دیکە کە بریتی بوون لە باشترین گرووپی کوڕان، باشترین 10 هونەرمەند بە هەڵبژاردنی جەماوەر و دانانی گۆرانیی “Swim” لە لیستی باشترین 10 گۆرانیی ساڵدا.
ئەندامانی گرووپەکە بەهۆی سەرقاڵبوونیان بە گەشتە جیهانییەکەیانەوە لە رێوڕەسمەکەدا ئامادە نەبوون، بەڵام پەیامێکی ڤیدیۆییان ئاراستەی هەوادارانیان کرد و سوپاسی پشتگیرییەکانیان کرد.
شووگا گوتی، گرووپەکە هەست بە شانازی دەکات بەهۆی بەدەستهێنانی ئەم پێزانینە بۆ یەکەم ئەلبوومیان دوای گەڕانەوەیان وەک تیمێکی تەواو. لە لایەکی دیکەوە جۆنگکووک ئاماژەی بە گەڕانەوەیان کرد دوای دابڕانێک کە سێ ساڵ و نۆ مانگی خایاند و جیمینیش جەختی کردەوە، بەردەوام دەبن لە کارکردنی سەخت، هاوکات گرووپی ئینهایپن توانی سێ خەڵاتی دیکەی رێوڕەسمەکە بباتەوە.

