گۆرانیبێژی ئەمریکی، بریتنی سپێرز، داوای لێبووردنی لە خێزانەکەی کرد بەهۆی دووبارە باسکردنەوەی ناکۆکییەکانی رابردوو و جەختی لەوە کردەوە، زۆر بیریان دەکات.
سپێرزی تەمەن 44 ساڵ، رۆژی شەممە 21ی تشرینی دووەم پەیامێکی درێژی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە ئینستاگرام بڵاوکردەوە و دواتر سڕییەوە، تێیدا ناوی هیچ ئەندامێکی خێزانەکەی دیاری نەکردبوو، بەڵام روونیکردەوە، رووبەڕوو گفتوگۆی لەبارەی ئەو بابەتانەوە لەگەڵدا نەکردوون.
گۆرانیبێژەکە لە سەرەتای پەیامەکەیدا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، سوپاسگوزارە بە بوونی خێزانێکی جوان لە ژیانیدا و گوتی، داوای لێبووردن دەکەم بۆ ورووژاندنەوەی کێشەکانی رابردوو، لەو بڕوایەدام ئەو کارەم کرد چونکە درکم بەوە کرد پێویستم بە پاراستنی دڵمە.
هەروەها سپێرز دانی بەوەدا ناوە، کەللەڕەقییەکەی رەنگە منداڵانە و شەرمەزارکەر دەربکەوێت و ئاماژەی بەوەش داوە، رەنگە هەندێک لەو شتانەی لە رابردوودا باسی کردوون لە رووی دەروونییەوە راست بووبن.
هاوکات وێنەیەکی دروستکراوی بە ژیریی دەستکرد لەگەڵ پەیامەکەیدا دانابوو، تێیدا دوو پشیلە لە لەندەن چا دەخۆنەوە و کاتژمێری بیگ بن لە پشتیانەوە دەردەکەوێت.
ئەم داوای لێبووردنە دوای چەندین ساڵ دێت لە باسکردنی پەیوەندییە ئاڵۆزەکەی لەگەڵ جیمی سپێرزی باوکی، لین سپێرزی دایکی و جیمی لین سپێرزی خوشکی، کە لە کتێبی بیرەوەرییەکانیدا بە ناوی “The Woman in Me” لە 2023 تیشکی خستبووە سەریان.

