چەكی پارە وەرگیرا و لەمڕۆوە دەست بە خەرجكردنی كرێی هۆڵەكانی تاقیكردنەوە دەكرێت. بەرپرسێكی ژمێریاری و مامۆستایەكیش وردەكارییەكەی ئاشكرا دەكەن.
عومەر محەمەد، بەڕێوەبەری ژمێریاری لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەولێر، رایگەیاند: “دوای ئەوەی لیستەكانمان دایە گەنجینەكان و وردبینی تەواو بوو، چەكی پارە دراوە و لەمڕۆوە پارەی كرێی چاودێرانی هۆڵەكانی تاقیكردنەوەكان خەرج دەكرێت.”
روونی كردەوە: “پارەی چاودێریی هۆڵ دەدرێتە بەرێوەبەر و یاریدەدەر و مامۆستا و خزمەتگوزارەكان، كە لە رۆژانی تاقیكردنەوە ئەركیان پێ سپێردراوە، هەر كەسێكیش بەپێی رێنوێنییەكان بڕەپارەی خۆی هەیە و پێیان دەدرێت.”
ئەوەشی خستە ڕوو، ئەو پارەیەی خەرج دەكرێت هی هۆڵی ئەزموونەكانی ساڵی رابردووە، گوتیشی: “بەپێی ژمارەی قوتابییان و ژمارەەی هۆڵەكانی تاقیكردنەوە، بڕی پارەكە و بودجەكە لە پەروەردەیەك بۆ پەروەردەیەك جیاوازە، پارەكەش بەپێی هۆڵ دابەش كراوە، كە بەڕێوەبەر و یاریدەدەر و مامۆستایانی چاودێر و خزمەتگوزار دەگرێتەوە و چەند رۆژ ئەركیان هەبووبێت رۆژانەیان بۆ ئەژمار كراوە.”
لای خۆیەوە، بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی ناوەندیی هەولێر، هەموو قوتابخانەكانی ئاگادار كردەوە، كە بەمەبەستی وەرگرتنی کرێی چاودێریی هۆڵەکانی ئەزموونەكان سەردانیان بكەن.
ئاماژە بەوە كراوە، سەرجەم بەرپرسان و هەڵسوڕێنەرانی هۆڵەکانی ئەزموونی گشتیی پۆلی دوازدەی ئامادەیی لە بەرایی، خولی یەکەم، خولی دووەم، پارەكەیان پێ دەدرێـت.
لەبارەی وردەكاریی خەرجكردنی پارەكە، مامۆستا بەكر كاكۆ رایگەیاند: “بەڕێوەبەر و یاریدەدەر و مامۆستایانی چاودێر و كارگوزار بەپێی رۆژەكان، هەر یەكە و بڕەپارەیەكیان بۆ خەرج دەكرێت، كە لەنێوان 56 هەزار دینار تاوەكوو 168 هەزار دیناردایە.“
روونیشی كردەوە: “بەڕێوەبەر 168 هەزار دیناری پێ دەدرێت، یاریدەدەر 94 هەزار دینار و مامۆستای چاودێر 84 هەزار دینار و كارگوزاریش 56 هەزار دیناری پێ دەدرێت.”
باسی لەوەش كرد، وێرای ئەو بڕەپارەیە، رۆژانە بڕی 10 هەزار دینار بۆ بابەتی ئاوی خواردنەوەش بۆ هۆڵەكان خەرج دەكرێت.
شوان بەرزنجی