ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی بازاڕی قه‌یسه‌ری هه‌ولێر به‌ بڕی زیاتر له‌ 5 ملیار دینار چووه‌ بواری جێبه‌جێكردنەوە

 

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 8-6-2024، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر به‌ یاوه‌ری ژماره‌یه‌ك له‌به‌رپرسان، پڕۆژه‌ی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی كۆڵانه‌كانی قه‌یسه‌ری هه‌ولێر به‌سه‌ر كرایه‌وه‌، كه‌ ماوه‌یه‌ك به‌ر له‌ ئێستا به‌هۆی رووداوی ئاگركه‌وتنه‌وه‌ سووتا.

له‌ چوارچێوه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یدا، پارێزگاری هه‌ولێر داوای له‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی بازاڕی قه‌یسه‌ری هه‌ولێر كرد، له‌پێناو هه‌رچی زووتر گه‌ڕانه‌وه‌ی كاسبكاران بۆ شوێنی كاركردنیان، كاری نۆژه‌نكردنه‌وه‌ خێراتر بكه‌ن.

له‌ میانی كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانی، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر به‌ رۆژنامه‌نووسانی راگه‌یاند، هه‌موولا ئاگادارن كه‌ له‌ 5-5-2024، به‌شێكی بازاڕی قه‌یسه‌ری هه‌ولێر، كه‌ به‌ بازاڕێكی كولتووریی هه‌ولێر ده‌ناسرێت، به‌ هۆی رووداوی ئاگركه‌وتنه‌وه‌ سووتا و به‌ ماوه‌یه‌كی كه‌م ئاگره‌كه‌ له‌ لایه‌ن تیمه‌كانه‌وه‌ كۆنترۆڵكرا و زیانێكی زۆری ماددی به‌ر بازاڕه‌كه‌ كه‌وت و خۆشبه‌ختانه‌ زیانی گیانی لێنه‌كه‌وته‌وه‌.

ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر راشیگه‌یاند، رۆژی دوای رووداوه‌كه‌ سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی سه‌ردانی قه‌یسه‌ری هه‌ولێری كرد و له‌ نزیكه‌وه‌ گوێبیستی داواكاری دووكانداره‌كانی قه‌یسه‌ری بوو و به‌ڵێنیدا، ئه‌وه‌ی له‌ توانادابێت وه‌ك حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی ئه‌و بازاڕه‌، ئه‌نجامی بدات.

گوتیشی: ” له‌پێناو ئاسانكاریكردن بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی كاسبكاران بۆ سه‌ر ئیش و كاری خۆیان، سه‌رۆكوه‌زیران ئێمه‌ی راسپارد هه‌رچی پێویسته‌ بۆ خێرا نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی ئه‌و بازاڕه‌ ئه‌نجامی بده‌ین”.

پارێزگاری هه‌ولێر سووپاسی سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی كرد، كه‌‌ به‌رده‌وام پشتیوانی پارێزگای هه‌ولێر بووه‌ و هه‌روه‌ها بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی له‌ ماوه‌یه‌كی كورتدا ده‌ستبكرێت به‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی بازاڕی قه‌یسه‌ری هه‌ولێر.

روونیشیكرده‌وه‌، له‌ رۆژی پێنجشه‌مه‌ی رابردووه‌وه‌ كاری نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی بازاڕی قه‌یسه‌ری هه‌ولێر‌ ده‌ستیپێكرد، تێچووی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی ئه‌و بازاڕه‌ له‌سه‌ر بودجه‌ی پارێزگا دابینكراوه‌ و‌ بڕه‌كه‌ی پێنج ملیار و سێ سه‌د ملیۆن دیناره‌.
گوتیشی: “ئه‌و شوێنانه‌ی له‌و بازاڕه‌دا زیانیان به‌ركه‌وتووه‌، دوو به‌شن، به‌شێكی قه‌یسه‌ری كۆنی پێده‌گوترێت و شوێنه‌واره‌، به‌شه‌كه‌ی دیكه‌ قه‌یسه‌ری نوێیه،‌ پێشتر نۆژه‌نكراوه‌ته‌وه‌”.‌

پارێزگاری هه‌ولێر له‌باره‌ی به‌شه‌ كولتووری و شوێنه‌وارییه‌كه‌ی قه‌یسه‌ری گوتی: “نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی ئه‌و به‌شه‌یان ئاسان نییه‌ و له‌ژێر رێنماییه‌كانی یونیسكۆ ده‌كرێت”.

ئاشكراشیكرد، له‌ماوه‌ی كه‌متر له‌ یه‌ك ساڵدا ته‌واوی پرۆسه‌ی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی قه‌یسه‌ری هه‌ولێر ته‌واو ده‌بێت.

ئومێد خۆشناو ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، دوای رووداوه‌كه‌ وه‌ك پاڵپشتی بۆ زیانلێكه‌وتووانی كاسبكارانی ئه‌و بازاڕه‌، چه‌ندین بڕیار له‌لایه‌ن پارێزگای هه‌ولێره‌وه‌ ده‌ركرا، له‌وانه‌، لێخۆشبوون له‌ كرێی تابلۆ و خاشاك و هه‌روه‌ها لێخۆشبوون له‌ باج به‌ رێژه‌ی له‌سه‌دا50 بۆ ساڵی 2023 و له‌سه‌دا 100 بۆ ساڵی 2024 و وێڕای رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ بانكی جیهان بۆ پێدانی قه‌رزی بێ سوو بۆ زیانلێكه‌وتووانی كاسبكارانی ئه‌و بازاڕه‌.

دووپاتیشیكرده‌وه‌،‌ به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانی هه‌ولێر و هه‌ر شه‌ش به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی شاره‌وانییه‌كانی سنووری هه‌ولێر، به‌ سوودوه‌رگرتن له‌و كاره‌ساتانه‌ و رووداوه‌كانی ئاگركه‌وتنه‌وه‌، ده‌ستكراوه‌ به‌ لابردنی زێده‌ڕۆییه‌كان له‌ بازاڕه‌ میللییه‌كان.

هەواڵی پەیوەندیدار

مەریوان قەرەنی: سەرۆك كۆماری عێراق واز لە موسەكین بێنە و هەڵوێستە راستەقینەكە بنوێنێنە

دڵشاد

سەرۆک بارزانی بەشداری لە پرسەی مامۆستا شوان ئەحمەد حەمەدئەمین ئاغا دزەیی دەکات

دڵشاد

دوایین هەواڵ لەبارەی گەڕانەوەی گۆندۆگان بۆ مانسیتی

sirwan