لە ماوەی رابردوو بەشێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن هەواڵ و ڕاپۆرتیان بڵاوکردەوە کە تێیدا ئاماژەیان بەوە کردووە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەنابەرانی سوری دەگەڕێنێتەوە وڵاتەکەی، لەمبارەیەوە، د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند ئەم هەواڵە دوورە لە راستی و بێ بنەمایە.
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕوونیکردەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان هیچ پەنابەرێکی سووری نەگەڕاندووەتەوە بۆ زێدی خۆی و تاوەکوو ئەمڕۆ زیاتر لە 250 هەزار پەنابەری سووری لە هەرێمی کوردستانن، ئەمانە تۆمارکراون لە هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ و UNHCR.
سەبارەت بە پێدانی مافی نیشتەجێبوون و ڤیزا بە کرێکارانی بیانی بە گشتی، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕایگەیاند: “حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێدانی ڤیزای بە هاووڵاتیانی سوری رانەگرتووە، بەڵکوو ئەوانەی کە سپۆنسەریان دیارە و پێویستیان بە ڤیزا هەیە بەپێی داواکاری شوێنی کارکردنیان، ڤیزایان پێ دەدرێت بە مەرجێک خۆیان تۆمار بکەن لە فەرمانگەی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی.”
روونیشی کردووەتەوە: “لەلایەکی دیکەوە بڕیاری ژمارە 172 لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و رێنوێنی ژمارە 8ی ساڵی 2022 دەرچووە و لیژنەیەکی باڵاش لە گشت لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ ئەم مەبەستە پێکهێنراوە، بەپێی ئەم بڕیارە ڕێژە و میکانیزمی کارکردنی کرێکارانی ناوخۆیی و بیانی لە پڕۆژەکاندا دیاریکراوە، هەر کرێکارێکی بیانی کە دەیەوێت ئیقامەی کار لە هەرێمی کوردستان بەدەست بهێنێت، پێویستە رەزامەندی وەزارەتی ناوخۆ وەربگرێت و گرێبەستی کار و بیمەی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەبێت، لەم رووەوە ئاسانکاری کراوە لە دەستکەوتنی هەلی کار بەپێی مەرجەکان.”
ئاماژەشی بەوە داوە کە ئەم ڕێکارانە بە هیچ شێوەیەک پەنابەران ناگرێتەوە، بەڵکوو ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە لە ڕێگەی فەرمییەوە لە فڕۆکەخانەکان و لە ڕێگەی دەروازە سنوورییەکانەوە دوای وەرگرتنی ڤیزە هاتوونەتە هەرێمی کوردستان.