ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

پەرلەمانی عێراق وەرزی دووەمی یاسادانان دەست پێدەکات

شەممە، 20ی تەممووزی 2024، پەرلەمانی عێراق یەکەم کۆبوونەوەی وەرزی دووەمی یاسادانان دەست پێ دەکاتەوە و پێشبینی دەکرێت بڕگەی چوارەمی کۆبوونەوەکە، کە پەیوەستە بە هەموارکردنەوەی یاسای پێدانی پاسپۆرت ببێتە هۆی دروست بوونی مشتومڕ.

بە گوێرەی ئەو کارنامەیەی بڵاوکراوەتەوە، کۆبوونەوەکە کاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆ دەست پێ دەکات و چوار تەوەر لەخۆ دەگرێت، بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەش تایبەتە بە خوێندنەوەی یەکەم بۆ هەمواری یەکەمی ماددەی 17 لە پرۆژە یاسای ژمارەی دووی ساڵی 2016ی دامەزراوەی شەهیدان، کە لەلایەن لێژنەی شەهیدان و قوربانیان و زیندانیانی سیاسیی پێشکەش کراوە.

لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە، خوێندنەوەی یەکەم بۆ ماددەی دووەم، لە پرۆژە یاسای پەسەندکردنی ڕێککەوتننامەی خزمەتگوزاریی ئاسمانی نێوان حکوومەتی عێراق و حکوومەتی ئازەربایجان دەکرێت کە لەلایەن لێژنەی پوەیەندییەکانی دەرەوە ئامادە کراوە.

هەروەها بڕگەی سێیەم و چوارەمی کۆبوونەوەکە هەردووکیان لەلایەن لێژنەی ئاسایش و بەرگری پێشکەش کراون، یەکێکیان خوێندنەوەی دووەم و گفتوگۆکردنە لەسەر پرۆژە یاسای دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی، بڕگەکەی دیەکەش خوێندنەوەی دووەمە بۆ پێشنیازە یاسای هەمواری یەکەمی یاسای پاسپۆرت ژمارەی 32ی ساڵی 2015، بەڵام محەممەد جاسم خەفاجی، ئەندامی لێژنەی یاسایی پەرلەمانی هۆشداری داوە لە هەموارکردنەوەی یاسای پێدانی پاسپۆرت و دەڵێ “نیازێک هەیە بۆ ئەوەی پاسپۆرتی هەمیشەیی بە بەرپرسان بدرێت”

خەفاجی، دوێنێ هەینی ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق بڵاوکردەوە و ئاماژەی داوە “نیازێک هەیە لە هەموارکردنەوەی یاسای پاسپۆرت، بۆ ئەوەی ئەو کەسانەی هەڵگری پاسپۆرتی دیپلۆماسین، ئەوەی هەم خۆی، هەم ئەندامانی خێزانەکەی پاسپۆرتەکەیان لە لا بمێنێتەوە و بۆ هەمیشە کاری پێ بکرێت، ئەمەش کارێکی نایاسایی و مەترسیدارە، چونکە ئەم پاسپۆرتە پەیوەندیدارە بە ماوەی ئەرک و کارەکانی بەرپرسان، کە دوای نەمانیان لە پلە و پۆست، دەبێت پاسپۆرتەکەیان لێ وەربگیرێتەوە”.

هەواڵی پەیوەندیدار

ئەمریکا خەڵاتی ١٠ ملیۆن دۆلاریی بۆ ئاشکراکردنی ٦ ئەندامی سوپای پاسداران دەرکرد

سەڵاح

کەشناسی : ئەگەری بەرزبوونی تۆز و خۆڵ هەیە

سەڵاح

شاندێکی هەرێمی کوردستان بەشداری لە ئۆڵۆمپیادی پاریس دەکات     

یاسین