ئاژانسی فەرمیی هەواڵی لوبنان ڕایگەیاند، بەهۆی زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانیی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر چەند ناوچەیەکی باشووری لوبنان، زیاتر لە 20 کەس بوونەتە قوربانی.
بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسەکە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل ناوچەکانی باشووری وڵاتەکەی بۆردومان کردووە و چەندین خانووی نیشتەجێبوونیان وێران کردووە، لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا 9 کەس کوژراون و 13 کەسی دیکەش بریندار بوون.
لەلایەکی دیکەوە، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، هێرشەکانیان ئامانجە سەربازییەکانی حزبوڵڵای لە باشووری لوبنان پێکاوە. هاوکات سوپای ئیسرائیل دانی بەوەدا نا کە یەکێک لە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانیان لە ئاسمانی باشووری لوبنان خراوەتە خوارەوە.
سەبارەت بە زیانەکانی کەرتی تەندروستی، وەزارەتی تەندروستی لوبنان ئاشکرای کرد، ژمارەی کوژراوانی تیمە پزیشکی و تەندروستییەکان لە چەند هەفتەی ڕابردوودا بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە بۆ 103 کەس بەرزبووەتەوە، وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکرد، دوو هێرشی یەک لە دوای یەکی ئیسرائیل شارۆچکەی “مەجدەل زوون”یان کردووەتە ئامانج، کە بووەتە هۆی کوژرانی 5 کەس، لە نێویاندا 3 کارمەندی فریاگوزاری کە بۆ هاوکاریکردنی بریندارانی هێرشی یەکەم چووبوونە شوێنەکە.

