ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

ماڵپەڕی عەسری ئێران: پارەی نێو خەزێنە بەشی مووچەی سێ رۆژی فەرمانبەران دەکات

 

کابینەی سێزدەیەمی حکوومەتی ئێران بە سەرۆکایەتیی ئیبراهیم ڕەئیسی که ساڵێک بەر لە کۆتاییهاتنی ماوەی ئاسایی بەهۆی کەوتنەخوارەی هێلیکۆپتەرەکەیەوە لە سنووری ئازەربایجان گیانی سپارد، تەنیا ١٧٠ ملیۆن دۆلاری لەنێو خەزێنەی ئەم وڵاتەدا بەمیرات بۆ کابینەی چواردەیەم بە سەرۆکایەتیی مەسعوود پزیشکیان بجێ هێشتووە و پێگەی هەواڵی عەسری ئێران (عصر ایران) نووسیویەتی، ئەو بڕە پارەیە تەنیا بەشی مووچەی سێ ڕۆژی فەرمانبەرانی حکوومەت دەکات.

ئێحسان خاندووزی، وەزیری داراییی کابینەی سێزدەیەم، لە نامەیەکیدا بۆ محەمەد موخبیر، سەرپەرشتی سەرۆکایەتیی کابینه‌ی ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک‌کۆماری پێشووی ئێران، ئاماژەی بەوە کردووە ئێستا تەنیا ١٠.٥ هەزار ملیار تمەن، بەرانبەر بە ١٧٠ ملیۆن دۆلار پارە لە خەزێنەی حکوومەتدا هەیە و ئەگەر خەزێنە بتوانێت ٨ هەزار ملیار تمەن قەرزیش لە ڕێکخراوی ئامانجدارکردنی پشتیوانییە حکوومییەکان وەربگرێتەوە، بەسەریەکەوە پارەی نێو خەزێنە دەگاتە ١٨.٥ هەزار ملیار تمەن.

خاندووزی ئاماژەی بەوەش داوە، بڕی ١٠.٥ هەزار ملیار تمەن میراتی خەزێنەی کابینەی سێزدە بۆ حکوومەتی نوێ لە کاتێکدایە، مانگی تەمووزی ٢٠٢١ کە ئەم کابینەیە دەسەڵاتی وەرگرت حکوومەت ٥٣ هەزار ملیار تمەن قەرزدار بوو.

بەپێی ئامارەکانی گومرکی ئێرانیش بوونی ئەم بڕەیە لە خەزێنەی ئێستای ئێراندا یەکسانە بە داهاتی یەک ڕۆژی هەناردەکردنی نەوتی وڵاتەکە و داهاتی نەوتی ئه‌م وڵاتە لە بەهاری ئەمساڵدا ٣٥٪ گەشەی کردووە و گەیوەتە ١٢ ملیار دۆلار.

پێگەی هەواڵی عەسری ئێران (عصر ایران) ڕەخنەی لە کابینەی سێزدەیەمی حکوومەتی ئێران واتە کابینەی ئیبراهیم ڕەئیسی گرتووە کە بەردەوام بانگەشەی دەکرد، توانیویەتی داهاتی هەناردەکردنی نەوت و کاڵا هەناردەکراوەکانی دیکە و داهاتەکانی نێوخۆش چەندین هێندە زیاد بکات، کەچی ئێستا بە میراتی ١٧٠ ملیۆن دۆلارەوە خەزێنە بە حکوومەتی نوێ دەسپێرێت. پرسیاریش دەکات، کەواتە بەرهەمی ئەم هەموو داهات و بانگەشە سەیرە ئابوورییانە چی لێ هاتووە؟

خاندووزی ئاماژەی بە بڕی قەرزی سەری کابینەی سێزدە نەکردووە، بەڵام بانکی ناوەندیی ئێران مانگی شوبات بڵاوی‌کردەوە، حکوومەت هەزار و ٣١٠ تریلیۆن تمەن بە بانکان قەرزدارە و سندووقی پەرەپێدانی نیشتمانییش دەڵیت، حکوومەت ١٠٠ ملیار دۆلار بەو سەندووقە قەرزدارە و سندووقی نێودەوڵەتیی دراویش ڕایگەیاندووە، حکوومەتی ئێران ساڵی ٢٠٢٣ نزیکەی ١٢١ ملیار دۆلار قەرزدار بووە.

هەواڵی پەیوەندیدار

هاوکاری دارایی هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە زیاد دەکرێت

یاسین

حوسییەکانی یەمەن سێ ڕۆژ ماتەمینیان ڕاگەیاند

یاسین

گوگل تایبەتمەندیەکی نوێی بۆ Google Photos زیاد کرد

سەڵاح