ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

عێراق لە پاراستنی ئاگربەستی نێوان ئەمریكا و میلیشیاکانی سەر بە ئێراندا شكستی هێناوە

هەڵوێست و لێدوانەکانی میلیشیا چەکدارەکانی عێراق کە لەژێر چەتری (بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی) دژ بە هێزەکانی ئەمەریکا بەردەوامە و جەخت لە هێرشکردنە سەر بارەگاکانی هێزەکانی ئەمەریکا دەکەنەوە، ئەمەش دوای ئەوە دێت كە پاش هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر بنکەی عەین ئەسەد، بەیاننامەکانی حکوومەتی عێراق دواخستنی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانبی نێودەوڵەتی لە وڵاتەکە دووپات کردەوە.

پاشگەزبوونەوە لە بەڵێنەکانی حکوومەت بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، میلیشیا چەکدارەکانی عێراقی تووڕە کردووە، هەرچەندە هێشتا هیچ هەڵوێستێکی یەکگرتوویان سەبارەت بە کۆتاییهێنان بە ئاگربەستەکە دەرنەکردووە، بەڵام لێدوانی یەک لە دوای یەک لەلایەن میلیشیا چەکدارەکانەوە بە جیا ئاماژەیە بۆ نەبوونی هەماهەنگیی پێشوەختە لەنێوانیاندا.

حەیدەر ئەللامی ئەندامی ئەنجوومەنی سیاسیی گرووپی نوجەبا لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: ئاگربەستەکە کە ئامانج لێی پێدانی کات بوو بە حکوومەت بۆ دانوستان لەسەر کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق کۆتایی پێهاتووە و بژارەی بەئامانجگرتنی بنکە سەربازییەکان لەبەردەستدایە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد: کە گرووپە چەکدارەکانی عێراق ئەم ئاگربەستەیان کۆتایی پێ هێنا پاش دواخستنی ئەمەریکا لە کشانەوەی هێزەکانی لە کاتی گفتوگۆکان لەگەڵ حکوومەتی عێراق.

هەروەها، ئەبو عەلی عەسکەری بەرپرسی ئاسایشی ملیشیای حزبوڵای عێراقی ڕایگەیاند: ئێمە هیچ پابەندبوونێکمان نیە بە ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنەکان لە دژی هێزە داگیرکەرەکانی ئەمەریکا لە عێراق، تەنیا ئەوەیە کە کارەکە دەکەوێتە ژێر هاوسەنگیی تایبەت بە قۆناغەکانەوە.

پەرلەمانتارێکی عێراق، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە ڕۆژنامەی (عەرەبی ئەلجەدید)ی ڕایگەیاندووە: بەشێک لە میلیشیا چەکدارەکانی عێراق هەڵوێستیان وەرگرتووە بۆ کۆتاییهێنان بە ئاگربەستەکە بە شێوەیەکی تاکلایەنە و جەختیان لەوە کردووەتەوە کە هێرش دەکەنە سەر بنکەکانی ئەمەریکا لە عێراق، ئەگەر ئەمریکا هێرش بکاتە سەر ئەو لایەنانە لە وەڵامی هێرشکردنە سەر بنکەی عەین ئەسەد.

جێگەی باسە، بنکەی عەین ئەسەد لە ڕۆژی 5 ی ئابی 2024 کەوتە بەر هێرشی مووشەکی ملیشیاکانی عێراق، کە بووە هۆی برینداربوونی ژمارەیەک سەربازی ئەمریکی. دوو ڕۆژ دواتر دەسەڵاتدارانی عێراقی دەستگیرکردنی پێنج کەسیان ڕاگەیاند کە دەستیان هەبووە لە هێرشەکەی سەر بنکەکە، بەڵام تا ئێستا هیچ وردەکاریەک ئاشکرا نەکراوە.

لە سەرەتای مانگی شوباتەوە گرووپەكانی میلیشیایی مقاوەمەی عێراقی لە دوای کوژرانی ئەبوباقر ئەلسەعدی سەرکردەی لیواکانی حزبوڵای عێراق، ئاگربەستیان لەگەڵ ئەمەریکا بەستووە و جەختیان لەوە کردووەتەوە کە ئەمە ڕێگە بە حکوومەتی عێراق دەدات دەستپێشخەری بکات بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کۆتاییهێنان بە بوونی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەو وڵاتەدا.

هەواڵی پەیوەندیدار

لە ئیستەمبۆڵ باڵەخانەیەكی سێ نهۆمی رووخا

یاسین

هەناردەی پێداویستییە خۆراکییەکان لە تورکیا بۆ عێراق بە 21% زیادی‌کردووە

یاسین

جابر زێباری: دێ کارکەم بۆ زێدەتر گرنگی دان ب کەرتێ کشتۆکاڵی و جۆتیاری ل دەڤەرێ

سەڵاح