zagros news agency

مەسرور بارزانی پێشوازی لە وەزیری کشتوکاڵی شانشینی ئوردن دەکات

بە چاودێری و سەرپەرشتی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان یاداشتێکی لەیەکتێگەیشتن لە نێوان هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان و شانشینی ئوردن لە بواری پەرەپێدانی هاریکاری و هەماهەنگیی کشتوکاڵی و پیشەسازی خۆراک ئیمزا کرا.

ئەمڕۆ یەکشەممە (25ـی ئابی 2024)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە خالید موسا ئەلحنێفات، وەزیری کشتوکاڵی شانشینی ئوردن کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی هاریکاری و هەماهەنگی لە بوارەکانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و کشتوکاڵی و پیشەسازيی خۆراک و بەبازاڕکردنی بەروبوومی کشتوکاڵی لە نێوان هەردوولا کرا.

وەزیری کشتوکاڵی ئوردن، سڵاو و ڕێزی شا عەبدوڵلای شای ئوردنی بە سەرۆکوەزیران مەسرور گەیاند و ئاماژەی بە پەیوەندیی لەمێژینە و بەهێزی نێوان هەرێمی کوردستان و ئوردن دا و ستایشی پێشکەوتن و ئاوەدانیی هەولێر و هەرێمی کوردستانی کرد.

هاوکات سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی سوپاس و پيزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ هاوکاری و پشتیوانیی بەردەوامی شا عەبدوڵڵا و حکوومەت و گەلی ئوردن دەربڕی، کە لە قۆناخە جیاکاندا پشتگیریی هەرێمی کوردستانیان کردووە. ئامادەیی حکوومەتی هەرێمیشی بۆ زیاتر برەودان بە پەیوەنديی دوولایەنە نیشان دا.

پاشان بە چاودێری و سەرپەرشتيی سەرۆکوەزیران مەسرور، یاداشتێکی لەیەکتێگەیشتن لە نێوان هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان و شانشینی ئوردن، لە بواری پەرەپێدانی هاریکاری و هەماهەنگیی کشتوکاڵی و پیشەسازيی خۆراک واژۆ کرا، کە بڕیارە لە هەنگاوی یەکەمدا، ئوردن هەندێک لە بەروبووم و بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی هەرێم لەوانە پەتاتە، هاوردە بکات.

هەواڵی پەیوەندیدار

هەرێمی کوردستان و هەرێمی مۆرسیای ئیسپانیا پەرە بە پەیوەندییە گەشتیارییەکان دەدەن

سەڵاح

تورکیا: ئیسرائیل سنووری ئێمەی نەبەزاندووە، بەڵام ناوچەکە دەخاتە ئاژاوەیەکی گەورەوە

سەڵاح

محەمەد سەعدەدین: ئەوەی حكوومەتی كوردستان هاولاتیان دەیكات هەرگیز بەغدا نایكات

دڵشاد