ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

پڕۆژەی ئاوی قوشتەپە بە نزیكەی 190 ملیار دینار جێبەجێ دەكرێت

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری دا بە جێبەجێكردنی پڕۆژەی ستراتیژیی ئاوی قوشتەپە و گوندەكانی دەوروبەری لە سنووری پارێزگەی هەولێر. وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆش سەرپەرشتیی جێبەجێكردنی پڕۆژەكە دەكەن، كە لە ڕۆژێكدا توانای بەرهەمهێنانی 72 هەزار مەتر سێجا ئاوی خواردنەوەی هەیە.

پڕۆژەی ئاوی قوشتەپە و دەوروبەری لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكرێت و لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆەوە سەرپەرشتیی تەواوكردنی دەكرێت، كە كێشەی كەمئاوی سنوورێكی فراوانی دەوروبەری هەولێر چارەسەر دەكات و ئاوەدانی بۆ ئەو ناوچە گەورەیە دەگەڕێنێتەوە.

بەگوێرەی زانیارییەكانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، گوژمەی پڕۆژەكە (189،670،000،000) دینارە و بەم زوانە دەست بە كارەكانی دەكرێت و هەوڵ دەدرێت لە ماوەیەكی كەمدا تەواو بكرێت.

پڕۆژەی ئاوی قوشتەپە و دەوروبەری یەكێكە لە پڕۆژە گەورە و ستراتیژییەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە بودجەكەی بۆ تەرخان دەكرێت و سەرچاوەی ئاوەكەی لە زێی بچووك لە سنووری گوندی قەشقە دابین دەكرێت.

ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار سەبارەت بە گرنگی و توانای بەرهەمهێنانی ئاو لەلایەن پڕۆژەكەوە دەڵێت: پرۆژەكە پێكهاتووە لە سێ خەزانی گەورەی ئاو، یەكێك لەو خەزانانە لە سنووری بیستانەیە و یەكێكیشیان لە قوشتەپەیە. بە گشتی پڕۆژەكە كێشەی كەمئاوی لە قوشتەپە و بیستانە و زیاتر لە 60 گوندی سنوورەكە بە تەواوەتی چارەسەر دەكات و دەبێتە هۆی بووژانەوە و ئاوەدانیی ئەو گوندانە و بەردەوامی دابینكردنی ئاوی خواردنەوە بۆ ئەو سنوورە فراوانەی دەوروبەری هەولێر، جگە لەوەی كێشەی كەمئاوی لە قەزای قوشتەپە و بێستانە و گوندەكانی ئەو سنوورە بە تەواوەتی چارەسەر دەكات، هاوكات چەندین ناوچەی پیشەسازی و كارگە و بازاڕ و پڕۆژەی جۆراوجۆر كە گرفتی كەمئاویان هەیە دەكەونە سنووری ئەو پڕۆژەیەوە.

شایانی باسە، دوێنێ یەكشەممە مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەردی بناغەی پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاوی هەولێری دانا كە بۆ ماوەی زیاتر لە 30 ساڵ كێشەی كەمئاوی لە شاری هەولێر چارەسەر دەكات.

هەواڵی پەیوەندیدار

ڕاگەیەندراوێک لە وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە

یاسین

ئەڵمانیا باڵیۆزی خۆی لە تاران بانگ کردەوە

یاسین

نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان بە جێگیری ماوەتەوە

سەڵاح