ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

ئەنجوومەنی وەزیران پێشوازیی لە بڕیار و ڕاسپاردەکانی کۆبوونەوەی هەردوو ئەنجوومەنی ئابووريی فیدراڵ و هەرێم دەکات

 

ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان به‌ سەرپەرشتيی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی كۆ ده‌بێته‌وه‌ و پێشوازیی له‌ بڕیار و ڕاسپاردەکانی کۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو ئەنجومەنی ئابووريی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان دەکات

چوارشەممە، 11ـی ئەیلوولی 2024، بە سەرپەرشتيی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە دەستپێکی کۆبوونەوەدا، سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوە دا کە ئەمڕۆ بە ڕێز و شکۆوە یادی (63)ــه‌مین ساڵیادی هەڵگیرسانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول، بە ڕێبەرایەتيی بارزانیی نەمر دەکەینەوە، کە شۆڕشێکی نیشتمانی و سەرتاسەری خەڵکی کوردستان بوو، بە گشت پێکهاتە جیاوازەکانيیەوە لەپێناو داکۆکیکردن لە مافە ڕەواکانی.

پاشان تەوەری سەرەکيی کۆبوونەوەکە خرایە ڕوو، کە گفتوگۆ بوو لەسەر ئەنجامەکانی کۆبوونەوەی هاوبەشی ئەنجومەنی وەزاريی فیدراڵی بۆ کاروباری ئابووری و ئەنجومەنی ئابووريی هەرێمی کوردستان لە شاری هەولێر، لە ڕۆژانی 8-9ی ئەیلوولی 2024 و تاووتوێکردنی ڕێکار و هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی بڕیار و ڕاسپاردەکانی ئەو کۆبوونەوە هاوبەشە لە لایەن وەزارەت و فەرمانگە تایبەتمەندەکانی حکومەتی هەرێم، بە جۆرێک هیچ بیانوو و بەهانەیەک بۆ وەزارەتی دارایيی فیدراڵ نەهێڵرێتەوە بۆ ڕاگرتن و دواخستنی خەرجکردنی شایستەی دارایيی مووچەخۆرانی هەرێم.

ئەنجومەنی وەزیران، پێشوازیی لە بڕیار و ڕاسپاردەکانی پەسەندکراوی کۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو ئەنجومەنەکە، و بڕیاری کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی فیدراڵ کرد، سەبارەت بە بەردەوامبوونی وەزارەتی دارایيی فیدراڵ بۆ خەرجکردنی مووچەی ئەو مووچەخۆرانەی هەرێمی کوردستان کە بێبەش کرابوون لە وەرگرتنی مووچەکانیان بەهۆی نەبوونی (ژمارەی وەزیفی).

ئەنجومەنی وەزیران وێڕای جەختکردنەوە لە وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بۆ جێبەجێکردنی پابەندییەکان بە تایبەتیش بەردەوامبوون لەسەر تەواوکردنی ڕێکارەکانی هێنانە کایەی ژمارەی وەزیفی بۆ ئەو مووچەخۆرانەی تا ئێستا تۆمار نەکراون و ڕەچاوکردنی تێبینی و سەرنجەکانی دیکە، بە جۆرێک لە نزیکترین دەرفەت لە هەفتەی داهاتوودا، لیستی نوێی ڕاستکراوەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم و ژمارەی وەزیفيیان ڕەوانەی وەزارەتی دارایيی فیدراڵ بکرێت و لە بەرانبەردا حکومەتی فیدراڵ تەواوکاریی مووچەی مانگەکانی پێشوو بنێرێت، کە خەرجکردنی ڕاگیرابوو، بۆ ئەوەی مووچەی مانگی 8 لە هەرێم دابەش بکرێت و ئامادەکاریی پێویستیش بکرێت بۆ مووچەی مانگی 9، هاوتای مووچەی ناوچەکانی دیکەی عێراق.

دواتر هەریەک لە وەزیرانی (بازرگانی و پیشەسازی، کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، ناوخۆ، سامانە سروشتیەکان، پلاندانان، داد) ئەو بابەتانەیان خستە ڕوو، کە لەگەڵ وەزیرانی هاوتایان لە حکومەتی فیدراڵ گفتوگۆیان لەسەر کردووە و لێکگەیشتنی هاوبەشیان لێ هاتووەتە دی. لە میانەی کۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو ئەنجومەنی ئابووريی فیدڕاڵ وهەرێم، لەبارەی هەندێک پرسی پەیوەندیدار بە ڕۆژمێری کشتوکاڵی، مۆڵەتی هەناردە و هاوردەکردن، مۆڵەتی کارگەکان، تۆمارکردنی کۆمپانیاکان، پۆلێنکردنی بەڵێندەران، دەروازە سنوورییەکان، گومرگ، دۆسیەی نەوت و وزە و کەرتی بانکی.
ئەنجومەنی وەزیران، وەزیرە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد بۆ بەردەوامیی کارکردنی لیژنە هاوبەشەکانی نێوان وەزارەت و کەرتە پەیوەندیدارەکان لە هەردوو حکومەت بۆ تەواوکردنی ئەو ئەرکانەی پێیان سپێردراوە لە پێناو گەیشتن بە لەیەکگەیشتنی هاوبەش کە لە بەرژەوەندی هەموو هاووڵاتییانی عێراقدا بێت لە چوارچێوەی دەستوور .
سەرۆک وەزیران هیوای خواست ئەو کەشە ئەرێنیی و لەیەکگەیشتنەی لە کۆبوونەوەکاندا گفتوگۆی تێدا کرا ببێتە سەرەتایەک بۆ چارەسەرێکی بنەڕەتی گشت کێشە هەڵپەسێراوەکانی نێوان هەردوولا .

دووپاتیشی کردەوە کە هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە بەردەوام دەبێت لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی و لە بەرامبەریشدا خوازیارە ڕێز لە مافە دەستووری و قەوارەی فیدراڵی هەرێمی کوردستان بگیرێت.

لە کۆتاییدا ئەنجومەنی وەزیران، ئەنجومەنی ئابووری هەرێمی کوردستانی ڕاسپارد بۆ پەسەندکردنی ڕاسپاردەکانی کۆبوونەوەی هاوبەشیان لەگەڵ ئەنجومەنی وەزاری فیدراڵیی بۆ ئابووری و ئامادەکاریی بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لەگەڵ ئەنجومەنی وەزاریی بۆ ئابووری لە شاری بەغدا بۆ بەردەوامیی بە کۆبوونەوە و دانیشتنەکان بە ئاراستەی گەیشتن بە چارەی گونجاو بۆ ئەو بابەتانەی کە ماون.

هەواڵی پەیوەندیدار

پارێزگاری هەولێر: بەرزترین ڕێژەی دەرچوونی قوتابیانی پۆلی نۆیەم له‌ پارێزگای هەولێره‌

سەڵاح

بڕیارێک لە بەرژوەندی کۆمپانیاکان دەرده‌چێت

یاسین

کۆبوونەوەیەکى تایبەت سەبارەت بە وەرگرتن و بەبازاڕکردنى گەنمى جوتیاران بەڕێوەچوو

سەڵاح