ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

حوسییەکان به‌ مووشه‌ك ناوەڕاستی ئیسڕائیلی بۆردومان كرد

 

موشەکێک کە لەلایەن حوسییەکانی یەمەنەوە هەڵدراوە کە ئێران پشتیوانییان لێدەکات لە ناوچەیەکی کراوە لە ناوەڕاستی ئیسڕائیل دەکەوێتە خوارەوە و دەبێتە هۆی لێدانی زەنگی ئاگادارکردنەوە لە فڕۆکەخانەی بێن گۆریۆنی نێودەوڵەتی ئیسڕائیل، ئیسڕائیل ئاماژەی بەوەدا کە لە ڕووی سەربازییەوە وەڵام دەداتەوە.

هیچ هەواڵێک نەبووە لەسەر کەوتنەوەی زیانی گیانی یاخود زیانێکی ماددی گەورە، بەڵام میدیای ئیسڕائیل گرتە ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە کە خەڵکەکە پیشان دەدات لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بێن گوریۆن بەرەو پەناگەکان ڕادەکەن. بەرپرسانی فڕۆکەخانەکە وتییان دوای ئەو ڕووداوە بە ماوەیەکی کورت کارەکانی دەستپێکردووەتەوە.

لە ڤیدیۆکەدا ئاگرکەوتنەوەیەک دەبیندرێت لە ناوچەیەکی دوورە دەستی ناوەڕاستی ئیسڕائیل، میدیای ناوخۆی ئیسڕائیل وێنەی تەنێکییان بڵاوکردەوە کە لە پارچەی موشەکێک دەچێت کە لە وێستگەیەکی شەمەندەفەر لە شارۆچکەی مۆدینی ناوەڕاستی ئیسڕائیل کەوتووەتە خوارەوە.

سوپای ئیسڕائیل وتی چەند هەوڵێکی داوە بۆ بەرپەرچدانەوەی موشەکەکە لە ڕێی بەرگرییە ئاسمانییەکانییەوە، بەڵام هێشتا نەزاندراوە کە ئایا هەوڵەکانی سەرکەتوو بووە یاخود نا. وتی موشەکەکە وادەردەکەوێت لە هەوادا پارچە پارچە بووبێت و ڕووداوەکە هێشتا پێداچوونەوەی پێدا دەکرێت. سوپا وتی دەنگی تەقینەوەکان لە ناوچەکەدا بەهۆی موشەکە بەرپەرچدەرەوەکانەوە بووە.

لە دوای دەستپێکردنی جەنگەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماسەوە لە غەززە، حوسییەکانی یەمەن چەندین جار موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانییان بە ئاڕاستەی ئیسڕائیلدا هەڵداوە، بەڵام بە نزیکەیی سەرجەمییان بەسەر دەریای سووردا خراونەتە خوارەوە.

لە مانگی حەوتدا فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی دروستکراوی ئێرانی لەلایەن حوسییەکانەوە هەڵدرا و لە تەل ئەڤیڤی ئیسڕائیلیدا، کەسێک کوژرا و 10 کەسی دیکە بریندار بوون. ئیسڕائیل بە چەندین هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی حوسییەکان لە یەمەن وەڵامی دایەوە، بە شاری حودەیدەشەوە کە شوێنی سەرەکی حوسییەکانە.

سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو ئاماژەی بە وەڵامێکی هاوشێوەدا لە ماوەی لێدوانەکانیدا لە کۆبوونەوەکەی کابینەکەیدا دوای هێرشەکەی ڕۆژی یەکشەممە.

وتی ” حوسییەکان دەبووایە تاوەکو ئێستا بیانزانیایە کە ئێمە وەڵامێکی قورسمان دەبێت بۆ هەر هەوڵێک بۆ ئازاردانمان. هەر کەسێک پێویستی بە بیرخستنەوەیەکە ئەوا با بچێت سەردانی بەندەری حودەیدە بکات.”

یەحیا ساری وتەبێژی سەربازیی حوسییەکان وتی موشەکێکی باڵیستیکییان هەڵداوە بۆ بە ئامانجکردنی ” ئامانجێکی سەربازیی ” لە جافا، کە بەشێکە لە تەل ئەڤیڤ.

هاشم شەرەفەدینی وتەبێژی حکومەتەکەی حوسییەکان وتی یەمەنییەکان ئاهەنگ دەگێڕن بە بۆنەی یادی لە دایکبوونی پێغەمبەر محەمەدەوە لە کاتێکدا ” ئیسڕائیلییەکان دەبێت لە ناو پەناگەکاندا بن.”

حوسییەکان چەندین جار هێرشییان کردووەتە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سووردا، وەکو خۆیان دەڵێن ئەو کارەیان بۆ دەربڕینی هاوسۆزییە بۆ فەلەستینییەکانی غەززە.

جەنگەکەی ناو غەززە کە سەرەتا لە 7 ی مانگی 10 دا بە هێرشەکەی چەکدارانی حەماس بۆ سەر ئیسڕائیل دەستیپێکرد، بووەتە هۆی دروستبوونی گرژی لە سەرانسەری ناوچەکەدا، گروپە چەکدارییەکانی سەر بە ئێران هێرشییان کردووەتە سەر ئامانجە ئیسڕائیلی و ئەمەریکاییەکان و ئەوەش هێرشی تۆڵەی ئەمەریکا و ئیسڕائیل و هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی لێکەوتووەتەوە.

 

voa

هەواڵی پەیوەندیدار

حۆو بایدن واژوو له‌سه‌ر پڕۆژە یاسایه‌كی نوێی هاوکاری بۆ ئۆکرانیا دەکات

سەڵاح

تورکیا: خۆمان بۆ جەنگی جیهانیی سێهەم ئامادە کردووە

سەڵاح

له‌ به‌غدا ته‌قینه‌وه‌یه‌ك ڕوویدا

یاسین